کشتوکاڵی هەولێر: کۆمپانیای خۆشناو لەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، لەمڕۆوە تاوەکو 2ـی ئەیلوول کۆمپانیای خۆشناو دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر دەکات و یەک تۆن گەنمی پلە یەک بە 600 هەزار دینار و پلە دوو بە 575 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 03-08-2023 هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا، کۆمپانیای خۆشناو پێداگیری دەکات ئەو جووتیارانە راستەقینە بن، بازرگان نەبن و گەنمی هاوردەیان نەبێت، دەبێت بەرهەمی جووتیار خۆی بێت، ئەوکاتە دەتوانن گەنمەکانیان بەبازاڕ بکەن."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، کۆمپانیای خۆشناو هیچ بڕێکی دیارینەکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم و دەڵێت "هیچ بڕێک دیاری نەکراوە، تەنیا نرخەکان پێداگیرییان لەسەر کراوە، گەنمی پلە یەک بە 600 هەزار دینارە و پلە دوو بە 575 هەزار دینارە."
 
هێمن سەید موراد، پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 450 هەزار تۆن بێت.
 
ئەمساڵ بەغدا 145 هەزار تۆن گەنمی لە سایلۆکانی هەولێر و هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەرگرت. هێمن سەید موراد دەڵێت، "کۆمەڵێک جووتیاری دیکەش هەبوون کە ناویان تۆمارکرابوو، بەڵام لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق تەنیا 145 هەزار تۆنی دیاریکردبوو، بۆیە نەتواندرا لێیان وەربگیرێت و لەبری بەغدا کۆمپانیای خۆشناو لێی وەرگرتن، کە بە کۆی گشتی نزیکەی حەوت هەزار تۆن گەنم دەبوو."
 
ئەمساڵ حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن گەنمی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی پارێزگای دهۆک بوو، بۆ هەر تۆنێکیش 850 هەزار دیناری تەرخان کرد.