لە 46 بەنزینخانەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت

03-08-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن بەنزین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەگوتەی بەرپرسان، ئەمڕۆ لە 46 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت، بەجۆرێک لە هەولێر لە 19، سلێمانی 15 و دهۆکیش لە 12 بەنزینخانە.
 
رۆژی پێنجشەممە 03-08-2023 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، لە 19 بەنزینخانە بەنزینی حکومی 750 دیناری دابەشدەکرێت، کە پێنج تانکەری بەنزینی حکومەتی عێراقە و لە پێنج بەنزینخانە دابەشدەکرێت، ئەوی دیکەش بەنزینی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە و لە 14 بەنزینخانە دابەشدەکرێت.
 
مەڕوان یاسین، خاوەنی بەنزینخانەیەک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دابەشکردنی بەنزینی حکومی، هێشتا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین نەبووە، نۆرماڵ بە 1125، موحەسەن بە 1300 و سوپەر بە 1500 و 1600ـە، چاوەڕوان دەکرێت لەم یەک دوو رۆژەدا، نرخی بەنزین دابەزێت."
 
موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەو 500 هەزار لیترەی لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، پشکی پارێزگای دهۆک 108 هەزار لیتر بوو و گەیشتووە و، ئەمڕۆ لە سێ بەنزینخانە بە 750 دینار دابەشدەکرێت. 
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک گوتیشی: "دوو جۆر بەنزین هەن کە بە 750 دینار دابەشدەکرێن؛ بەنزینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەنزینی حکومەتی عێراق، بەنزینی هەرێم هەر هەیە و لە نۆ بەنزینخانە دابەشدەکرێت، بەنزینی حکومەتی عێراق کە لە 10ـی تەممووزەوە راگیرابوو، دوێنێ هاتەوە."
 
لەبارەی نرخی بەنزینیش موحسین تەها گوتی، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 1200 دینارە، موحەسەن 1350 و سوپەر بە 1500ـەیە، ئەوەش بەگوێرەی بەنزینخانەکان دەگۆڕدرێت، "چاوەڕوانین بەهۆی دابەشکردنی بەنزینی حکومی، هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزینی بازرگانیش دابەزێت." 
 
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت "بە هەردوو جۆری بەنزین، ئەوەی لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دابینکراوە و پاڵپشتی نرخ کراوە و ئەوەی حکومەتی عێراقیش، لە نزیکەی 15 بەنزینخانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان دابەشدەکرێت."
 
بەگوتەی بەهمەن شێخ قادر، رۆژانە 400 هەزار لیتر بەنزین دەگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و دابەشدەکرێت، دەشڵێت، ئێستا نرخی بەنزینی نۆرماڵ 950، موحەسەن 1150 و سوپەر بە 1300 دینارە. 
 
رۆژی چوارشەممە 2ـی ئاب وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر 500 هەزار لیتر بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە 1 ملیۆن و 512 هەزار لیتر بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بگاتە هەرێمی کوردستان و بەنرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک دابەشبکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 1ـی ئاب وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەزربوونەوەی نرخی بەنزین گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەکانمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕکردەوە و دوای رێگەپێدان، 3ـی تەممووز بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاکانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە زیاتر لە 4 ملیۆن لیتر بەنزینە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە