عێراق سێیەم گەورە سووتێنەری گازی هاوەڵە لە جیهان
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای رووسیا و ئێران، عێراق سێیەم گەورەترین سووتێنەری گازی هاوەڵە لە جیهاندا، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوودا 200 ملیۆن مەتر سێجا سووتاندنی ئەو گازەی کەمکردووەتەوە.
بەپێی نوێترین داتای بانکی نەختی نێودەوڵەتی؛ لەماوەی ساڵێکدا سووتاندنی گازی هاوەڵ 9 ملیار مەتر سێجا زیادی کردووە، بڕی ئەو گازەی ساڵی رابردوو سووتێندراوە، 148ملیار مەتر سێجا بووە، لەکاتێکدا ساڵی پێشتر 139 ملیار مەتر سێجا بووە.
ئەو زیادەیەی لە سووتاندنی گازی هاوەڵ دروستبووە بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی دەرهێنانی نەوتەوەیە، زێدەکەی ساڵی رابردوو دەبێتە هۆی دەردانی بڕی 23 ملیۆن تۆن زیاتری گازی دوان ئۆکسیدی کاربۆن.
9 وڵات هۆکاری 75٪ـی سووتانی گازی هاوەڵن لە جیهاندا، کە ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، هەزاران مێگاوات کارەبای لێ بەرهەمدەهێندرێت.
ئەم وڵاتانە هۆکاری سەرەکیی سووتانی بەشێکی زۆری گازی هاوەڵن لە جیهاندا:
1- رووسیا:
ساڵی رابردوو 28.4 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵی سووتاندووە، واتە 2.9 ملیار مەتر سێجا زیاتر لە ساڵی 2022 گازی سووتاندووە، کە 25.5 ملیار مەتر سێجا بووە، هەرچەندە بەرهەمهێنانی نەوتی کەمیکردووە. بانکەکە زۆربوونی سووتاندنی بڕی گازی لەلایەن رووسیاوە گەڕاندووەتەوە بۆ خراپی کێڵگەکانی نەوت و کەمیی کەرەستەی بەردەست بەهۆی هاوردەنەکردن بە لێکەوتەی شەڕی ئۆکراینا.
2- ئێران:
ئێران لەساڵی 2023، بڕی 20.4 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵی سووتاندووە، ساڵی پێشتر 17.2 ملیار مەتر سێجا بووە، بەو پێیە سووتانی گازی بەبڕی 3.2 ملیار مەتر سێجا لە یەک ساڵدا زیادکردووە، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوتی 10٪ لەساڵی رابردوو زیادکردووە.
3- عێراق:
عێراق لەساڵی 2023، 17.7 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە، ساڵی پیشتر 17.9 ملیار مەتر سێجا بووە. واتە بڕی سووتانی گازی 200 ملیۆن مەتر سێجا کەمکردووەتەوە، عێراق دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2030 سووتاندنی گازی هاوەڵ بەتەواوەتی نەهێڵێت، ئەو گازەشی دەسووتێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجبکات.
یاسر حوسێنی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ساڵانە عێراق بەهۆی سووتاندنی گازی هاوەڵەوە 10 ملیار دۆلار لەدەست دەدات، ئەوەش بڕە پارەیەکی زۆرە و بەشی ئاوەدانکردنەوەی چەندین شار و سەدان پڕۆژە دەکات، دەبێت حکومەت لە راگرتنی ئەو زیانانە رژدتربێت."
4- ئەمریکا:
ساڵی 2023، ئەمریکا 9.6 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە، لەساڵی 2022ـدا ئەو بڕە هەشت ملیار مەتر سێجا بووە، واتە 1.6 ملیار مەتر سێجا
سووتاندنی گازی هاوەڵی زیادکردووە، هۆکارەکەشی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتە بەڕێژەی 9٪.
5- ڤەنزوێلا:
ساڵی رابردوو 300 ملیۆن مەتر سێجا سووتاندنی گازی کەمکردووەتەوە بەبەراورد بە ساڵی پێشتر، ئەوەش بۆ سێیەمجارە لەسەریەک گازی هاوەڵ کەمدەکاتەوە، لەساڵی 2023دا وڵاتەکە 8.3 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە، ساڵی 2022ـش 8.6 ملیار مەتر سێجا بووە.
6- جەزائیر:
ساڵی رابردوو 8.2 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتیی سووتاندووە، لە ساڵی پێشتر 8.6 ملیار مەتر سێجای سووتاندبوو، واتە سووتاندنی گازی کەمبووەتەوە.
7- لیبیا:
ساڵی 2023، 6.8 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە، لەکاتێکدا لەساڵی 2022دا 5.7 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندبوو، واتە کەمیکردووەتەوە.
8- نەیجیریا:
5.8 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە لەساڵی 2023دا، لەساڵی 2022دا ئەو بڕە 5.3 ملیار مەتر سێجا بووە.
9-مەکسیک:
ساڵی رابردوو 200 ملیۆن مەتر سێجا گازی کەمتری لەساڵی 2022 سووتاندووە، لە ساڵی 2023دا 5.5 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە، ساڵی 2022 بڕەکە 5.7 ملیار مەتر سێجا بووە.
10- سعودیە:
لەساڵی رابردوودا 2.5 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە، لەساڵی 2022 بڕەکە 1.9 ملیار مەتر سێجا بووە.
ناوەڕاستی مانگی رابردوو، بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا کۆمپانیاکانی نەوت و گاز 7٪ زیاتر لەو گازەیان سووتاندووە کە لەساڵی 2022 سووتێندراوە، هەرچەندە لەو ماوەیەدا تەنیا 1٪ بەرهەمهێنانی نەوت زیادیکردووە.