مەسرور بارزانی بۆ مووچەخۆران: بەزووترین کات خۆتان لە 'هەژماری من' تۆمار بکەن

03-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە روونکردنەوەکەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵی دەکات سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکومی و تایبەتەکان لە پرۆسەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، "هەژماری من."
 
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3-7-2024) کە لە پێگەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی "وەک هەمیشە داکۆکیم کردووە، دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمان مافی بەشەکانی دیکەی عێراقیان هەبێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەو مەرجەی بانکەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتیان پێ درابێت و پەسندکراو بن."
 
هەروەها داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات "بە زووترین کات" خۆیان لە 'هەژماری من' تۆمار بکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی 'هەژماری من' خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین، کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببنە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و رێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات."
 
ئەم پەیامەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدایە، جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ روونکردنەوەیەکی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە بەشێکیدا دەڵێ ''فەرمانبەر دەتوانێت بەپێی ئارەزووی خۆی بانک هەڵبژێرێت هاوشێوەی دامودەزگەکانی دەوڵەت لەچوارچێوەی حکومەتی فیدراڵی و، لایەنە فەرمییە فیدراڵییەکان لە کۆماری عێراقدا." 
 
روونکردنەوەی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی، هەروەها پەیامەکەی مەسرور بارزانی دوای ئەوە دێن؛ رۆژی 6-6-2024 بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی، لیستی ناوی 66 بانک و لقەکانیانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هاوپێچکرد و رایگەیاند ئەو بانکانە کە بەشێکیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'هەژماری من.'ـدان، رێگەپێدراون و مۆڵەتیان هەیە.
 
39 لەو بانک و لقی بانکانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە، لەنێو ئەو بانکەشدا ئەوانە هەن لە پڕۆژەی 'هەژماری من.' بەشدارن، لەوانە بانکەکانی بەغدا، BBAC، جیهان، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، RT، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـدا تۆمارکراون؛ نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەشکراون و دوایین مووچەش کە دراوە 50 هەزار مووچەخۆر لە 135 یەکەی ژمێریاریی سەرجەم وەزارەتەکان لە رێگەی پڕۆژەکەوە مووچەیان وەرگرت.
 
پڕۆژەی 'هەژماری من' پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران. بەپێی حکومەت ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە کە تائێستا بریتین لە هەشت بانک.
 
مانگی شوباتی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خشتەی مووچە و دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، بەپێی خشتەکە لەماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.