نەوتی برێنت بە نزیکەی 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە. داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا گەشبینییان لای بازرگانان دروستکردووە بەوەی کە خواست بۆ نەوتی خاو لە وەرزی هاویندا بەرزدەبێتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت بەرزبووەوەو بە 85 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 14 سەنت بەرزبووەوە بە 82 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزین. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە باهۆزی (بێریل) کە لە کەنارە ئاووییەکانی کەنداوی مەکسیک سەری هەڵدا، زیانی نەگەیاندە کێڵگە نەوتییەکان و نەبووە هۆکار بۆ دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا.
 
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە هەفتەی رابردوو لەو وڵاتە زیاتر لە 9 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.
 
میتسرۆ مواریشی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، " نرخەکانی نەوت بەهۆی دابەزینی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەرزبوونەتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، هۆکاری ئەوەی کە نرخەکان زۆر بەرزنەبوونەتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو بازرگانانەی بە هەرزانتر نەوتیان کڕیبوو، ئێستا بە مەبەستی قازانجکردن فرۆشتوویانە و بەو هۆیەشەوە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنوورداربووە.
 
نرخەکانی نەوت ئێستا لە بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی دوو مانگی رابردوو مامەڵەیان پێودەکرێت.