شاندێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بۆ بودجە دەچێتە بەغدا

03-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن بودجەی 2023
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

شاندێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق.  
 
3ـی تەمموزى 2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارە ئەم هەفتەیە یان هەفتەى داهاتوو شاندێکى وەزارەتى دارایی لەسەر ئاستى بەڕێوەبەرى گشتیی ژمێریاری و بودجە، سەردانى بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیی عێراق".
 
هونەر جەمال گوتیشى، "پێش جەژنى قوربان، سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کۆبووەوە و شاندێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانیش سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى کۆبووەوە".
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـی حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵیى عێراق بکات. عێراق ئەو نەوتە بۆ هەناردەکردن یان نێوخۆ بەکاردەهێنێت، ئەوەش یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانە لەو بودجەیە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغدا و هەرێمى کوردستانەوە دەستیکەوتوون، هەفتەى پێشتر شاندێکى هەرێمى کوردستان بۆ پرسی ناردنى پشکی هەرێمى کوردستان لە بودجەی گشتی، سەردانى بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى کۆبوونەتەوە؛ یەکێک لەو پرسانەى لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، ئەوەیە "مەبەست لە داهاتى نانەوتى چییە کە پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى رادەستى بەغداى بکات و شێوازى رادەستکردنەوەکە چۆن دەبێت؟".
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتى دارایی عێراق داواى لە شاندەکەى حکومەتى هەرێمى کردستان کردووە بۆ خەرجکردنى پارەى بەشە بودجە، وردەکاریى خەرجی و داهاتى هەرێمى کوردستانی بۆ بنێرن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە