چاوەڕێ دەكرێت وەبەرهێنان بە دیناری عێراقی جێگەی دۆلار بگرێتەوە

رووداو – هەولێر

عێراق لەساڵی 1990 كوێتی داگیركرد، نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسزای ئەو سەركێشی و پێشێلكارییەدا هەر هەمان ساڵ و پێش پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێز و ناچاركردنی عێراق بەكشانەوە لەو وڵاتە، عێراقی خستە ژێر بەندی حەوت لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ئەو بەندە رێگەی بە بەكارهێنانی هێز دا لەدژی عێراق. سەرەڕای ئەو رێگرییە سەربازییانە، هەرچی پارەی عێراق هەبوو لەبانكەكانی وڵاتانی جیهاندا سڕكران و بەكارهێنران بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو وڵاتانەی لەداگیركاریی عێراقدا زیانیان پێگەیشتبوو. لەدوای رووخاندنی رژێمی عێراقەوە، رزگاربوون لەژێر باری بەندی حەوت، رەنگە گەورەترین دەستكەوتی ئابووری و سیاسی بێت بۆ عێراق و بەیەكەمین هەنگاوی سەركەوتنی رەهای دیپلۆماسیەتی عێراقی دابنرێت. بەپێی بەندی حەوتی پەیماننامەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق توانای هەڵسوكەوتكردن بە سەرمایە و سامانەكەی و سوپا و پەیوەندییەكانی نەما. بەوجۆرەش بووە دەوڵەتێك لەژێر چاودێریدا.

ئێستاش دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 22 ساڵ بەسەر ئەو سزایانە، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق هەموو رێكارییە نێودەوڵەتییەكانی ئەنجامداوە بۆ دەرچوون لەژێر حوكمەكانی ئەو بەندە.

یەكێك لەخاڵە هەرە ئەرێنییەكانی دەرچوونی عێراق لەژێر ئەم بەندە، گەڕانەوەی پارە بلۆككراوەكانیەتی كە بە زیاتر لە 80 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

كۆتاییهاتنی دیلكردنی عێراق لەژێر بەندی حەوت، پارە سڕكراوەكان بۆ وەبەرهێنان لەئابووری عێراقدا دەگەڕێنێتەوە. بە دەرچوون لەم بەندە، عێراق توانای گێڕانەوەی پارە سڕكراوەكانی دەبێت و رزگاریشی دەبێت لەو باجە ناڕاستەوخۆیەی هاووڵاتیانی عێراق لەبەرامبەر سڕكردنی ئەو پارانە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێنەوە تا دەرچوون لەو بەندە لەئەستۆیان بووە.

بەپێی زانیارییەكان، بانكی ناوەندی عێراقی دوای دەرچوونی عێراق لەبەندی حەوت، بڕی 82 ملیار دۆلاری بلۆككراوی بۆ دەگەڕێتەوە كە بەلای كەمی تینوێتی ئابووریی عێراق بە قەبارەیەكی دارایی لەوجۆرە دەشكێنێت.

كاریگەری ئازادكردنی ئەم قەبارە زەبەلاحەی پارەی سڕكراو و گەڕانەوەی بۆ سەر ئابووریی عێراق بەتەنیا لەزیادكردنی بڕێكی زۆر كاش نییە بۆ سەر ئابووریەكەی، بەڵكو بەرگێكی بەهێز بەباڵای دیناری عێراقیدا دەدورێت و دەبێتە رووپۆشێكی بەهێز بۆ ئەو دراوە لەبەرامبەر دراوەكانی دیكە بەتایبەت دۆلاری ئەمەریكی و هێزی كڕینی دینار زیاتر دەكات.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەردەمی ئیدارەی جۆرج بۆشدا بڕیاریدا بەپاراستنی پارەكانی عێراق لەئەمەریكا كە بە 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، دوای ئەویش باراك ئۆباما رەزامەندبوو لەسەر پاراستنی ئەو بڕە پارەیەی عێراق كە لە ئەمەریكایە.

لەدوای ساڵی 1990ەوە نزیكەی 7.8 ملیار دۆلاری عێراق لە لوبنان و ئوردن بلۆككران و لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا عێراق مافی مامەڵەكردنی بەو پارەیە نەبووە. بەشێكی زۆر لەپارەی هێڵی ئاسمانی عێراقیش لەكوێت و ئوردن بلۆككران.

سزاكانی سەر عێراق دوای هێرشی ئەو وڵاتە هات بۆ سەر وڵاتی كوێت. نەتەوە یەكگرتووەكان عێراقی ناچاركرد بەقەرەبووكردنەوەی ئەو وڵاتە بە بەهای 52 ملیار دۆلار. لەدوای ئەو ماوەیەوە عێراق خاوەندارێتی راستەقینەی داهات و ئابوورییەكی خۆی نەبووە، بەڵكو كۆی گشتی داهاتەكانی لەسندووقی پەرەپێدانی عێراق لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكراو ساڵانە 5%ی داهاتەكەی لەفرۆشی نەوت وەك بەشێك لەقەرەبووەكان بەكوێت دەدرا.

لەدوای داگیركردنی كوێت، بڕی ئەو زیانانەی بەر ئەو وڵاتە كەوت لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خرایە ئەستۆی عێراق و بەغدا ناچاركرا بە قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی.

عێراق تاوەكو ئێستا بڕی 41 ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو بەكوێت داوە. هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 30ی حوزەیرانی رابردوو رایگەیاند كە وڵاتەكەی تاوەكو ئێستا 41 ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو بەكوێت داوە و پابەندە بەگەڕانەوەی ئەو 11 ملیار دۆلارەی كە ماوە. زێباری پێشبینی كرد عێراق تاوەكو ساڵی 2015 كۆتایی بەتێكڕای قەرزەكانی بەرامبەر بەو وڵاتە بهێنێت.

یەك لەدەرئەنجامە ئەرێنیەكانی رزگاربوونی عێراق لەبەندی حەوت، سەربەخۆبوونی عێراقە لە مامەڵەكردن بەداهاتی نەوتەوە، چیدی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی داهاتەكای ناكات. عێراق لەمەودوا دەتوانێت بەسەربەخۆییەكی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ نەوت و سەرچاوە سروشتییەكانی بكات. د.بێوار خنسی، پسپۆڕی بواری ئابووری، پێیوایە زەحمەتە دەوڵەتێك بتوانێت پارێزگاری لەسەرمایە و داهاتەكەی بكات، ئەگەر سەربەخۆیی و سیادەی دەوڵەتەكەی نەبێت، ئەمەش بەسەركەوتنی دەوڵەتی عێراق دەبینێت و دەڵێت “دەربازبوون لەبەندی حەوت یارمەتی عێراق دەدات بۆ هاتنەوەی بۆ سەر گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، رۆڵێكی كارا دەبینێت كە لەگەڵ سیادە و دەوڵەتدارییەكەی لەناوچەكە و جیهاندا بگونجێت، بەتایبەت لەبواری نەوتدا. د.بێوار پێیوایە ئەو رۆڵە گەورەیەی لەبواری نەوت و غازدا عێراق دەیبینێت، یارمەتیداوە بۆ دەربازبوون لەژێر باری سزاكانی ئەو بەندە.

دەربازبوون لەبەندی حەوت، سەربەخۆیی تەواوی سیاسەتی نەوت بەعێراق دەبەخشێت. عێراق پلانی هەیە بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتەكەی و بۆ بوون بەیەكێك لەگەورەترین هەناردەكارانی نەوت، لەماوەی 12 ساڵی داهاتوودا. بەپێی پلانەكە لەساڵی 2017 هەناردەكردنی نەوت بگەیەنێتە 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا، ئەمەش بودجەی فیدراڵی دەگەیەنێتە 216 ملیار دۆلار. هەربەپێی پلانەكە، رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ ساڵی 2020 دەگاتە نۆ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا و بودجەی فیدراڵیش بۆ 324 ملیار دۆلار بەرزدەكاتەوە، لەساڵی دارایی 2025یشدا بەپشتبەستن بەبەرزكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بۆ 12 ملیۆن بەرمیل، بودجەكەی دەگەیەنێتە 432 ملیار دۆلار. د.بێوار وای دەبینێت لەسایەی سەربەخۆیی تەواوی سیاسەتی نەوتیی عێراق، ئابووری عێراق بەهێز دەبێت.

چەند كاژێرێك دوای پەسەندكردنی لابردنی عێراق لەژێر بەندی حەوت، دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی. نرخی گۆڕینی دراوی عێراقی بەرامبەر بە دراوەكانی دیكە و بەتایبەت دۆلاری ئەمەریكی بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی، ئەمەش دوای ماوەیەك لەدابەزینی بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار و هەروەها جێگیربوونی لەئاستێكی نزمتردا. ئەم ئازادبوونە ئابوورییەی عێراق بەهای دیناری لەبەرامبەر دۆلاردا بە 121 هەزار دینار جێگیر كرد.

پێشبینیش دەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا بەهای دیناری عێراقی بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت. سەیف ئەلحەلەفی، پسپۆڕی بواری ئابووری و ئەندامی یەكێتی بانكە ئەهلیەكان لەعێراق بەتۆڕی هەوڵی عێراقی راگەیاند كە هەنگاوی داهاتووی كاریگەری ئەم ئازادبوونە بریتی دەبێت لە وەبەرهێنان بەپارەی عێراقی لەجیاتی دۆلار، ئەمەش خواستێكی زۆر لەسەر دیناری عێراقی دروستدەكات.