راپۆرتی لیژنەی دارایی: بودجەی کشتوکاڵ کەمی کردووە و بەرگری زیادی کردووە

03-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە خشتەکانی بودجەی 2024 ئاڵنگاری هاتووەتە پێش. لیژنەکە رەخنە لە زۆربوونی خەرجییەکان، بەتایبەت بۆ مووچە، دەگرێت و قەبارەی کورتهێنان کە 64 تریلیۆن دینارە، بە زۆر دەزانێت و دەڵێت، قەرزەکانی حکومەتیش زیادیان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راپۆرتێکی لەبارەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 ئامادە کرد و لە پەرلەمان خوێندرایەوە و پەسند کرا. لیژنەکە باسی وردەکارییەکانی خشتەکان دەکات، رەخنە لە چەند تەوەرێکی دەگرێت و یەک راسپاردە و پێنج خاڵی وەکو هەڵسەنگاندنی خشتەکان دیاریکردووە.
 
راپۆرتەکە 13 لاپەڕەیە و ئەمەی خوارەوە پوختەکەیەتی:
 
داهاتەکانی ئەم ساڵ 13 تریلیۆن زیادیان کردووە
 
پەیوەست بە داهاتەکان، لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا هاتووە، بەپێی خشتەی داهاتەکان، داهاتە خەمڵێندراوەکانی ساڵی 2024 زیاترە لە 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینار، کە 10% زیاترە لە داهاتەکانی ساڵی 2023، داهاتە نەوتییەکان 120 تریلیۆن و 500 ملیار دینار و نانەوتییەکانیش 27 تریلیۆن و 300 ملیارە، واتە کۆی داهاتەکان 13 تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە داهاتەکانی ساڵی 2023 زیاترە.
 
وەزارەتی دارایی لە وەڵامی لیژنەی دارایی، زیادبوونی داهاتەکانی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە، لەوانەش:
 
- زیادبوونی نرخی نەوت
- پارەی کرێی کارەبا راستەوخۆ دەچێتە گەنجینەی دەوڵەت
- زیادبوونی داهاتی بەرهەمە نەوتییەکان
 
لەبارەی خەرجییەکانەوە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆی خەرجییەکان 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، کە 7% لە داهاتەکانی ساڵی 2023 زیاترە، خەرجییەکان بۆ ساڵی 2024 بەم شێوەیەن:
 
- بەردەوام: 157 تریلیۆن دینار، کە 13 تریلیۆن و 500 ملیار واتە 9% لە ساڵی رابردوو زیاترە
- وەبەرهێنان: 55 تریلیۆن، 500 ملیار، کە 1%ی لە ساڵی رابردوو کەمترە.
 
زیادبوونی خەرجیی بەردەوامیش بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە:
 
- مووچەی فەرمانبەران:
63 تریلیۆن و 400 ملیار دینار
 
- بەخشین و یارمەتییەکان و خەرجیی دیکە:
26 تریلیۆن و 900 ملیار دینار
 
- چاودێریی کۆمەڵایەتی:
27 تریلیۆن و 300 ملیار دینار
 
هەروەها ئەو زیادەیەی لە خەرجییەکان کراوە، ئەمانەی گرتووەتەوە:
 
1- مووچەی فەرمانبەران:
 
- دەستەی حەشدی شەعبی:
لە 3 تریلیۆن و 500 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 3 تریلیۆن و 900 تریلیۆن لە 2024 زیادیکردووە.
 
- وەزارەتی ناوخۆ:
لە 12 تریلیۆن و 600 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 13 تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
- وەزارەتی تەندروستی:
لە 5 تریلیۆن و 600 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 6 تریلیۆن دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
- وەزارەتی بەرگری:
لە 7 تریلیۆن و 700 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 8 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
- وەزارەتی خوێندنی باڵا:
لە 2 تریلیۆن و 700 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 3 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
- وەزارەتی پەروەردە:
لە 11 تریلیۆن دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 11 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
2- بەخشین و یارمەتی و خەرجییەکانی دیکە:
 
- وەزارەتی تەندروستی:
لە 239 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 659 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
3- چاودێری کۆمەڵایەتی:
 
- وەزارەتی دارایی:
لە 14 تریلیۆن و 200 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی:
لە 5 تریلیۆن و 500 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 7 تریلیۆن دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
4- قەرزەکان:
 
- وەزارەتی دارایی:
لە 12 تریلیۆن و 400 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 15 تریلیۆن و 600 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
- هەرێمی کوردستان:
لە 400 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 1 تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە.
 
مووچەی فەرمانبەران 40%ی خەرجیی بەردەوام پێکدەهێنێت.
 
بەپێی راپۆرتەکەی لیژنەی دارایی خەرجییە بەردەوامەکان بەم شێوەیە دابەش بوون:
 
- مووچەی فەرمانبەران: 40%
 
- پێداویستی خزمەتگوزاری: 3%
 
- پێداویستی شمەک: 8%
 
- چاککردنەوە: 0.8%
 
- بەخشین و یارمەتی و خەرجییەکانی دیکە: 17%
 
- پابەندییەکانی دەرەکی: 17%
 
- چاودێریی کۆمەڵایەتی: 17%
 
- قەرز: 11%
 
- کۆی بەرنامەکانی تایبەت: 2%
 
بودجەی پارێزگاکان 220% کەمیکردووە
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا گازندەی کەمکردنەوەی بودجەی پارێزگاکانی کردووە و ئاماژەی بە کەمکردنەوەی 220%ی بودجەکە لە ساڵی 2023 دەکات و دەڵێت، لە نزیکەی 9 تریلیۆن و 600 ملیار دینارەوە بۆ 3 تریلیۆن لە ساڵی 2024 کەمیکردووە.
 
هەر بۆیە راسپاردە تاقانەکەی لیژنەکە ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو تریلیۆن دینار لە بودجەی وەزارەتەکان کەمبکاتەوە و بۆ پارێزگاکانی تەرخان بکات بەپێی "رێژەی دانیشتووانی پارێزگاکان، رێژەی هەژاری."
 
بودجەی کشتوکاڵ کەمبووەتەوە و بەرگری زیادی کردووە
 
راپۆرتەکەی لیژنەی دارایی، خەرجییەکانی خشتەکانی بودجەشی بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکان دابەش دەکات:
 
- بەرگری و ئاسایش:
 
لە 29 تریلیۆن و 200 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 33 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 16%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- پەروەردە و فێرکردن:
 
لە 15 تریلیۆن و 200 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 17 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 8%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- وزە:
 
لە 38 تریلیۆن و 800 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 40 تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 19%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- تەندروستی:
 
لە 9.6 تریلیۆن و 200 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 11 تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 5%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵایەتی:
 
لە 31 تریلیۆن و 600 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 33 تریلیۆن ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 16%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- ئاو و ئاوەڕۆ:
 
لە 664 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 1 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 0.6%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- گواستنەوە و گەیاندن:
 
لە 3 تریلیۆن و 500 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 2 تریلیۆن و 400 ملیار دینار لە 2024 کەمیکردووە، 1%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- کشتوکاڵ:
 
لە 3 تریلیۆن و 200 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 2 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 کەمیکردووە، 1%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- پیشەسازی:
 
لە 1 تریلیۆن و 600 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 1 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 1%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن:
 
لە 4 تریلیۆن و 600 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 5 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 3%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- رۆشنبیری و گەنجان و یانە و یەکێتییەکان:
 
لە 2 تریلیۆن و 500 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 3 تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 2%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- ئیدارە گشتی و خۆجێیەکان:
 
لە 38 تریلیۆن و 200 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 38 تریلیۆن دینار لە 2024 کەمیکردووە ، 18%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
- قەرزەکانی ناوخۆ و دەرەوە:
 
لە 20 تریلیۆن و 500 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 22 تریلیۆن و 800 ملیار دینار لە 2024 زیادیکردووە، 11%ی خەرجییەکانی بودجە پێدەهێنێت.
 
کورتهێنانی بودجە 53%ی داهاتە نەوتییەکانە
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەشی تایبەت بە کورتهێنانی بودجە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە 53%ی پڕکردنەوەی کورتهێنان پشت بە سەرچاوەکانی نێوخۆ دەبەستێت "بانکی ناوەندی و بانکەکانی حکومەت." ئەمەشی بە خاڵێکی نەرێنی داناوە، کە گەشەپێدانی کەرتی بانکیی حکومەت قورس دەکات، وەکو لیژنەکە دەڵێت، جگە لەوەی سەقامگیریی سیستمی دارایی دەشێوێنێت.
 
لیژنەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، کورتهێنان بەراورد بە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بەم شێوەیە: 53%ی کۆی داهاتە نەوتییەکان و 229%ی داهاتە نانەوتییەکانە.
 
باسی ئەوەشی کردووە، بەهۆی زێدەی نرخی نەوت، لە ساڵی 2024 بڕی 17 تریلیۆن دینار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەدەستدێت و بەکاردەهێندرێت.
 
لیژنەی دارایی: ئاڵنگاریمان هاتووەتە پێش
 
لیژنەی دارایی باسی ئەو ئاڵنگارییانەی کردووە کە هاتوونەتە رێگەی کە ئەمانەن:
 
- درەنگ گەیشتنی خشتەکانی بودجە، دوای 140 رۆژ لە وادەی خۆی کە کۆتایی ساڵی دارایی 2023یە، گەیشتووە.
 
- دەسەڵاتەکانی لێژنەی دارایی سنووردارکراوە، بەم شێوەیە:
 
1- جێگرکردنی فەرمانبەران بە گرێبەست.
2- پشتیوانیی زیاتری کەرتی تایبەت.
3- زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان.
4- وەڵامدانەوەی زۆر لە داواکاریی لێژنەی دارایی کە لەلایەن پەرلەمانتاران و وەزارەتەکانەوە هاتووە.
 
هەروەها لیژنەکە کردنی قەرزی زیاتر بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بە خاڵێکی نەرێنی ناودەبات. دەشڵێت، گەشەپێدان لە بودجەی بەردەوام کەمە و لەسەر حیسابی بودجەی وەبەرهێنانە.
 
هەروەها بڕی پارەی تەرخانکراوی بۆ پارێزگاکان بە کەم زانیوە، رەخنەشی لەوە گرتووە داهاتە نەوتییەکان زۆرن و دەڵێت، داهاتە نانەوتییەکان بە رێژەیەکی کەم زیادیکردووە.
 
یەک راسپاردە و پێنج هەڵسەنگاندن
 
لیژنەی دارایی لە راپۆرتەکەیدا پێنج خاڵی وەکو هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ خشتەکانی بودجە دیایرکردووە؛ لەوانەش: حکومەت پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بری کەرتی تایبەت دەکات، هەروەها سیاسەتی کلاسیکیی کۆن لە ئامادەکردنی بودجە پشتپێبەستراوە، داهاتەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کە لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێن زۆر کەمە و وەکو نەبوو وایە.
 
لە خاڵەکانی دیکەی هەڵسەنگاندندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دەبێت میکانیزمی هاوبەشیکردن لەنێوان کەرتی تایبەت و گشتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بدۆزێتەوە.
 
سەرباری ئەوەش، بودجەی بەردەوام پەیوەندیی راستەوانەی لەگەڵ بودجەی وەبەرهێنان هەیە و چەند پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و تەندروستی و کارەبا و فێرکردن و نیشتەجێکردن و هی دیکە زیاد بکات، دەبێتە هۆی ئەوەی خەرجیی زیاتر بخرێتە ئەستۆی خەرجییەکانی بەردەوامی دەوڵەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەوەندەر

کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە