داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە 26 ملیار دینار بووە
رووداو دیجیتاڵ
داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 26 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە چوار ملیار دینار زیادیکردووە.
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ژمارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەردەکەوێت لەم هەفتەیەدا داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە بە هەردوو ئیدارە سەربەخۆکەشەوە 26 ملیار و 20 ملیۆن دینار بووە، کە لە رۆژانی 27ـی نیسان تاوەکو 3ـی ئایاری 2024 بەدەستهاتوون.
دەستخستنی ئەو داهاتانە لە کاتێکدایە هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو، واتە لە رۆژانی نێوان 20ـی نیسان تاوەکو 26ی ئەو مانگە بڕی 21 ملیار و 898 ملیۆن دینار بووە، بەو پێیە بەراورد بە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو، داهاتەکانی ئەم هەفتەیە 4 ملیار و 122 ملیۆن دینار زیاتر بووە.
ئەو داهاتانە داهاتی گەنجینەکانی یەک، دوو، چەمچەماڵ، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجەن، داهاتەکانی 28 وەزارەت و دەستەیە، واتە شەش گەنجینە، 28 وەزارەت و دەستە، 109 بەڕێوەبەرایەتی گشتی، 516 بەڕێوەبەرایەتی و 781 فەرمانگە، 4 هۆبە کۆکراونەتەوە، 828 فەرمانبەریش کاریان تێدا کردووە.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، کە ماوەیەکی زۆر میدیای یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژەکەوە لە پەیجی خۆی نووسی "لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان".