دانەگاز: بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر گەیشتەوە زیاد لە 500 ملیۆن پێ سێجا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی پێش ئەو هێرشەی هەینیی رابردوو کرایە سەر کێڵگەکە.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێكدا، کە ئەمڕۆ هەینی 03-05-2024 بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: "ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە گەیشتووەتەوە زیاتر لە 500 پێ سێجا لە رۆژێکدا. بەرهەمهێنانی LPG گەیشتووەتەوە 1100 تۆن و گازی کۆندێنسەیتیش 15 هەزار بەرمیل."
دانەگاز لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت: "دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دێت لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها پابەندیی تووند بۆ تووندکردنی بەرچاوی ئاسایش و بەهێزکردنی بەرگری لە کێڵگەی کۆرمۆر."
دانەگاز باس لەوەشدەکات، لەگەڵ هاوبەشەکانی "رژدن لەسەر پاراستنی ئەوپەڕی سەلامەتی و ئاسایشی تەواوی کارمەندان و دامەزراوەکانمان. شانازیش دەکەین بە خزمەتکردنی گەلی کوردستان و عێراق و، پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکە لە رێگەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە نرخێکی هەرزان و کاربۆنی کەم. هەروەها دابینکردنی پێویستیی LPG لە هەرێمی کوردستانی عێراق."
ئێوارەی رۆژی هەینی، 26ـی نیسان بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆیەوە چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا و بەرهەمهێنانی کارەباش 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە 02-05-2024، شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق بە سەرپەرشتیی زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، هەر یەک لە زیاد عەلی فازڵ و کەمال محەممەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی دیدارەکەیان خستەڕوو و رایانگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کاریگەری لەسەر رەوشی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە.
پێنج کۆمپانیا لە کێڵگەکە کاری بەرهەمهێنانی گاز دەکەن؛ دووانیان ئیماراتین (دانا گاز) و (هیلال)ـن. هەریەک لەو دوو کۆمپانیایە، خاوەن 35٪ـی پشکەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆرن.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە 500 ملیۆن پێ سێجایە. یەدەگی سەلمێندراوی تائێستا بە 16 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.