نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت درێژەی بە دابەزینەکانی دا و بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس بۆ خوار 70 دۆلار دابەزی، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیی وەبەرهێنەران لە زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی ئەمریکا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-5-2023، نرخی نەوتی برێنت سێ دۆلار و 17 سەنت یان 4.21٪ دابەزی و ئێستا هەر بەرمیلێك بە 72 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ نرخی بەرمیلێك نەوتی سووکی تێکساسیش دوو دۆلار و 89 سەنت یان 4.4٪ دابەزی و ئێستا هەر بەرمیلێك بە 68 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس لە نزمترین ئاستیاندان لە کۆتاییەکانی مانگی ئادارەوە. دوێنێ سێشەممەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 4 دۆلار دابەزی، بەوەش لە دوو رۆژدا نرخی نەوت نزیکەی 6 دۆلار دابەزیوە.
 
دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، لیژنەی بازاڕی ئازادیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوێنێوە کۆبوونەوەکانی دەستپێکردووە و بڕیارە کاژێر 21.00ـی ئەمشەو بەکاتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا رابگەیێنێت.
 
ستێفن بێرنۆک، شرۆڤەکاری نەوت لە کۆمپانیای PVM دەڵێت، "وەک بەشێک لە شەڕە درێژخایەنەکەی دژی هەڵاوسان، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی 0.25٪ زیادبکات".
 
بێرنۆک دەشڵێت، نیگەرانییەکان لەبارەی تەندروستبوونی سێکتەری بانکی ئەمریکا و کەمبوونەوەی رەخساندنی هەلی کار لە ئەمریکا "هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو لەسەر ترسەکانی سستیی ئابووریی ئەمریکا".
 
هاوکات بڕیارە سبەی پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی ئەوروپاش کۆببێتەوە و بە هەمان رێژە سوودی بانکی زیادبکات. بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی رەنگە ببێتە هۆی خاوکردنەوەی گەشەی ئابووری و خواست لەسەر وزە کەمبکاتەوە.
 
هەروەها لاوازیی ئامارە ئابوورییەکانی چینیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی نەوت داناوە؛ لە نیسانی ئەمساڵ و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، چالاکیی بەرهەمهێنان لەو وڵاتە بۆ یەکەمجار لەدوای کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دابەزی.