فوئاد حوسێن بۆ رووداو: لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان نەماوە

03-05-2023
سۆران حوسێن
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن کراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ عێراق نامەی بۆ تورکیا نەناردووە. گوتیشی، بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان شاندی هاوبەشی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ئەنقەرەدا گفتوگۆ دەکەن. 
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی ئایاری 2023 لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، باسی لە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، رێککەوتن کراوە، بەڵام دانوستانی جۆراوجۆر لەگەڵ کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتدا دەستیپێکردنەوەکەی دواخستووە. 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "دوێنێ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق بووم، تەواویان کردووە و لەگەڵ کۆمپانیاکان رێککەوتوون، ئەمە مانای ئەوەیە هەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن؛ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان گەیشتنە رێککەوتن، بەغدا و کۆمپانیاکانیش گەیشتنە رێککەوتن، ئێستا قۆناخی داهاتوو ماوە کە پەیوەندی هەیە بەشاندی هاوبەشی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا." 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی بۆ تورکیا نەناردووە. گوتیشی: "ئێستا کە گەیشتوونەتە رێککەوتن نامەکە دەنێردرێت؛ کە خاڵێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە تورکیا رێگەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کورستان بدات." 
 
بە گوتەی فوئاد حوسێن، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "هیچ" کێشەیەکی یاسایی نەماوە.
 
لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، پڕۆژەکە لە حکومەت تەواوبووە و لە پەرلەمانە، بۆ جێبەجێکردنیشی مانگ و نیوێک بۆ دوو مانگی دەوێت.
 
فوئاد حوسێن باسی لە ناردنی 400 ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر کرد و گوتی، تاوەکو جێبەجێکردنی بودجەی عێراق، "دەبێت" بەغدا مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە گوتی، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تاوەکو لێکنزیکبن کورد لە بەغدا بەهێزتر دەبێت.
 
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.

 

دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق:
 
رووداو: لەدوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوتەوە، بۆچی تائێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە؟
 
فوئاد حوسێن: رێککەوتنەکە کرا، بەڵام دانوستاندنی جۆراوجۆر هەبوو، واتا دانوستاندنی تازە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکڕن، دەستیپێکرد. ئینجا دانوستاندنی نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەستیپێکرد، ئەو پرۆسەیەش هەندێکی خایاند، بەڵام دوێنێ من لەگەڵ وەزیری نەوت بووم و پێیگوتم کە کارەکان تەواوبوون و رێککەوتنیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە، ئەوەش واتای ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن. هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و بەغدا و کۆمپانیاکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئێستا قۆناخی داهاتوو ماوە کە ئەویش پەیوەندی هەیە بە دانوستاندنی شاندی هاوبەشی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا.
 
رووداو: ئەو نامەیەی کە پێویستە عێراق بۆ تورکیای بنێرێت، نێردراوە؟
 
فوئاد حوسێن: پێویستە لەم رۆژانەدا بچێت.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا نەنێردراوە؟
 
فوئاد حوسێن: نەخێر، یەکێک لەو بابەتانەی کە دوێنێ لەگەڵ وەزیری نەوت باسمکرد، پرسی ئەو نامەیە بوو، لەبەر ئەوەی نەگەیشتبوونە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئێستا کە رێککەوتنیان کردووە، نامەکە دەنێردرێت. نامەکە دوو خاڵ لەخۆدەگرێت، یەکەمیان پەیوەندی هەیە بەوەی کە تورکیا رێگە بدات نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێت، خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە تورکیا خۆی دانوستاندن دەکات لەسەر ئەو بڕیارەی دادگای پاریس لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان داویەتی.
 
رووداو: باست لەوەکرد شاندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق دەچن بۆ تورکیا، ئەی ئەو نامەیە دیارە چ رۆژێک دەنێردرێت؟
 
فوئاد حوسێن: کە لەگەڵ وەزیری نەوت قسەمکرد، گوتی ئەمڕۆ یان سبەی پێویستە ئەو نامەیە بەڕێبکرێت، هاوکات پێشنیازی ئەوەم پێکرد، لەبەر ئەوەی تورکیا باسی لەوەکردبوو شاندی عێراق بچێتە ئەنقەرە، بەڵام وەزیری نەوت بانگهێشتی شاندی تورکیا دەکات، دەبێ بزانین هەفتەی داهاتوو چۆن دەبێت، رێکیدەخەین.
 
رووداو: خەڵک دڵخۆشبێت بەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟ لەبەر ئەوەی زیاتر لە مانگێکە رێککەوتن کراوە و هەر ئەمڕۆ و سبەی دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان؟
 
فوئاد حوسێن: راستە، کێشەی ناوخۆ و کێشە لەگەڵ کۆمپانیاکان هەبوو، ئێستا هەردوو کێشەکە چارەسەر بوون، ماوەتەوە تورکیا، جا بڕیاری تورکیا چۆن دەبێت، من ناتوانم بەناوی ئەوانەوە لێدوان بدەم. بەڵام لەڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێک نەماوە.
 
رووداو: تائێستا تورکیا هیچ داوایەکی فەرمی لە عێراق نەکردووە؟
 
فوئاد حوسێن: دەبێ چاوەڕێ بکەین بەیەکەوە دابنیشن و بزانین چی داوادەکەن.
 
رووداو: بودجەش یەکێک لەو بابەتانەیە کە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدایە، چونکە ئەگەر نەوت هەناردە نەکرێت پارە بۆ مووچە نییە و خەڵکیش داوای مووچە دەکەن؟ 
 
فوئاد حوسێن: حکومەتی فیدراڵ پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکرد و ناردوویەتی بۆ پەرلەمان، ئێستا لە لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و رۆژانە کۆبوونەوەیان هەیە، هاوپەیمانیی دەوڵەت کە حکومەت بەڕێوەدەبات، هاوپەیمانێتییەکی سیاسییە کە سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانی تێدایە، ئەوان رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیان هەبوو و بڕیاردراوە لیژنەی دارایی پەرلەمان لە 10ی ئەم مانگە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات و ئەوەش بەو واتایەیە پەرلەمان دەگاتە قۆناخی گفتوگۆکردنی بودجە و دوایی دەخرێتە دەنگدانەوە. رەنگە سێ بۆ چوار هەفتە بخایەنێت پرۆژەی بودجە پەسند بکرێت و دوای ئەوەش دوو بۆ سێ هەفتەی دەوێت تاوەکو رێنمایی دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراق دەربچێت و بودجە بکەوێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، واتا مانگ و نیوێک بۆ دوو مانگی پێویستە بۆ ئەوەی بودجە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
رووداو: ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق وەکو قەرز دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مووچەخۆران بە چ شێوەیەکە؟
 
فوئاد حوسێن: هەموو جارێک بۆ ناردنی ئەو پارەیە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات و دوو هەفتە لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارمان لە ناردنی پارەکە دا و دەبێ ئێستا 400 ملیار دینارەکە گەیشتبێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو بودجە جێبەجێ دەکرێت یان نەوت هەناردە دەکرێتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق ئەم پارەیە بنێرێت و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە گەنگەشەی ئەو بابەتە دەکەینەوە و دەبێت جارێکی دیکە بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
رووداو: کێشەی ئێستای نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆ و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت؟ 
 
فوئاد حوسێن: لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کە چ گفتوگۆیەک؟ بەگشتی ئەگەر بەیەکەوەبن زیاتر بەهێزدەبن و بەیەکەوەش نەبن، ئەوە راستییەکە، ئەگەر هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەیەکەوە کاربکەن، بەهێزتر دەبن.
 
رووداو: کەواتا ئەو دۆخەی ئێستا هەیە کاریگەری هەبووە؟
 
فوئاد حوسێن: بێگومان کاریگەری نەرێنی هەیە.
 
رووداو: دەگوترێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە بە جیا پارە بۆ سلێمانی بنێرێت، زانیاریتان هەیە لەسەر ئەم بابەتە؟
 
فوئاد حوسێن: من نازانم داوای کردووە یان نا، بەڵام بودجە یەک بودجە دەبێت.
 
رووداو: پێشتریش داوای ئەوە کرابوو کە بە جیا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکرێت؟
 
فوئاد حوسێن: نا بڕوا ناکەم، چونکە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوە چوارچێوەی دەستوورییە و یاسایە، ئەگەر بودجە بێت، پێویستە ئەم کێشەیە لێرە چارەسەربێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.