بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزتر دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرز دەبێتەوە و ئەو نرخەی لە بازاڕی رەش هەیە، نرخی راستەقینە نییە. سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراقیش دەڵێ، "گەندەڵی، سەرکردە و سەرباز و بەرگریکاری هەیە." 
 
عەلی عەللاق، پارێزگای بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی چوارشەممە 03-05-2023 لە بەغدا بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنیری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکی ناوەندی رۆژانە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، رێکاری زیاتر دەگرێتەبەر" و بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوام "باشتر دەبێت." 
 
پارێزگای بانکی ناوەندیی عێراق گوتی، "ئێستا بانکی ناوەندی دۆلاری پێویست بۆ بازرگان، وەبەرهێنەر و هاووڵاتییان دابین دەکات. بانکی ناوەندی رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت ئەو نرخەی لە بازاڕی رەش هەیە نرخی راستەقینە نییە. ئەوەی بازاڕی رەش نرخی ئەوانەیە کە یاری بە دۆلار و دینار دەکەن یان ئەوانەی کاری نایاسایی دەکەن."
 
عەلی عەللاق رایگەیاند، "جگە لە بەهای فەرمی، هیچ بەهایەکی دیکە نییە و هەر دۆلارێک 1320 دینارە. بەهای دیکە نامۆیە و پەیوەندی هەیە بەوانەوە کە یاری بە نرخ دەکەن یان ئەوانەی کاری نایاسایی دەکەن." 
 
گوتەکانی عەلی عەللاق بۆ رووداو دوای بەشداریکردنی بوو لە پانێڵێکی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی. لە پانێڵەکەدا حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراقیش ئامادە بوو. 
 
لە پانێڵەکەدا پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "سیاسەتی دراو کەرەستە و میکانیزمی خۆی هەیە و سیاسەتی داراییش کەرەستە و میکانیزمی خۆی هەیە. پێویستە هەر یەکێک لەوانە بە کەرەستەی خۆی کاربکات بێ ئەوەی هچیان بچنە نێو ناوچەی ئەوەی دیکەیان." 
 
عەلی عەللاق گوتی، "لە رووبەڕبوونەوەی فرۆشتنی دۆلاردا دەبێت سیاسەتێکی روون هەبێت؛ لایەنێکی دیکە پەیوەندی بە لایەنی تەکنیکییەوە هەیە کە پەیوەستە بە جێبەجێبکردنی ئەو سیاسەتەوە کە ئەوەش لە عێراق گرێدراوە بە بابەتی دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ و ئەوانەی دۆلاریان دەوێت لە هەموو چین و توێژەکان." 
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی، "دوای هەموو ئەو رێکارانە، چەندین کەناڵمان بۆ پرۆسەی حەواڵەکردنی پارە کردەوە، ئەوەش بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا." 
 
لەبارەی داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ جێبەجێکردنی حەواڵە گەیشتووەتەوە 85٪؛ ژمارەکە لە 40 - 50 حەواڵە بۆ 1350 داواکاریی حەواڵە لە هەفتەیەکدا زیادیکردووە." 
 
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە پانێڵەکەدا گوتی، "گەندەڵی بووەتەوە دیاردەیەکی مەترسیدار و بێدەنگی زۆری بەرامبەر کراوە؛ گەندەڵی تاوانێکە وەک تەواوی تاوانەکانی دیکە و ئەگەر دەزگایەکی تایبەتمەند هەبێت و بە دواداچوونی بۆ بکرێت، ئەوا دەتوانین سزای تاوانباران بدرێت." 
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق گوتی، "گەندەڵی سەرکردە و سەربازی هەیە؛ هاندەر و بەرگریکاری هەیە. دەستپاکیش سەرکردە و سەربازی و بەرگرکاری نییە. گەندەڵی بووەتە کاڵایەک، کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، بەبێ هیچ خەجاڵەتی و گوشارێکی ویژدانی." 

 

 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق  گوتی، "پێویستە لەم قۆناخەدا هەنگاوی بوێرانە و راستەقینە بنێین. بوونی ویستێکی راستەقینە لای سەرۆکوەزیران هەنگاوی یەکەمە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە لە ساڵان و چەند دەیەی رابردوودا ئەمە نەبووە. ئەگەر سزای گەندەڵکاران نەدرێت، ئەوا متمانە بەم حکومە نامێنێت. بۆیە بەڵێن دەدەن هەموو رێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بگرینەبەر." 
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق راشیگەیاند، ساڵانێکی زۆرە قسەی جیدی لەسەر گەندەڵی "نەکراوە"، هەربۆیە پێویستە بە بەرچاوی خەڵکەوە گەندەڵکاران سزابدرێن و گوتی، "پێویستە سیاسییەکانیش دووربکەونەوە لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان. وەزارەتی پەروەردەش دەتوانێت نەوەیەکی دژ بە گەندەڵی پەروەردە بکات."