راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ئۆپێک پڵەسی کەمکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پڵەس لە مانگی نیساندا بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی هەناردەی نەوتی نایجیریاوە دابەزیوە.
بەپێی بەدواداچوونێک کە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کردوویەتی، ئۆپێك پڵەس لە مانگی رابردوودا 28.62 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە، ئەوەش 190 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمترە بەراورد بە مانگی ئادار.
بەراورد بە مانگی ئەیلوولی رابردوو، بەرهەمی نەوتی ئۆپێک پڵەس بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.
لە 2ـی مانگی رابردوودا هەریەک لە وڵاتانی عێراق، ئیمارات، کوێت، عومان، جەزائیر و سعودیە بڕیاریاندا وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بەیەکەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 1.16 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمبکەنەوە.
لە بەدواداچوونەکەدا دەرکەوتووە، گەورەترین کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە نێو وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لە عێراق بووە، ئەوەش بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە بووە.
بەدواداچوونەکە دەریخستووە، مانگی رابردوو لەگەڵ راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، هەناردەی نەوتی باشووری عێراق زیادیکردووە و ئەوەش بڕی ئەو دابەزینەی سنووردارکردووە کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دروستبووە.
دووەم گەورەترین دابەزینی ئاستی بەرهەمی ئۆپێک پڵەس لە نایجیریا بووە بە بڕی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی بەهۆی کێشەی کرێکارانەوە ناچار بوو بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوت رابگرێت.