نرخی زێڕ بەرزبووەوە و نەوت دابەزی


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا درێژەیدا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی سێشەممەی خۆی و نزیکبووەوە لە 2018 دۆلار. هەروەها نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 75 دۆلار دابەزیوە. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 03-05-2023، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 2018 دۆلار دوای ئەوەی سێشەممە لەبەر بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا بە رێژەی 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
بەپێی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، لە مانگی نیساندا هەلی کارکردن لە ئەمریکا کەمبووەتەوە، ئەوەش هێمایەکە بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە کە رەنگە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکیی بەرزنەکاتەوە.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمڕۆ کاژێر 9:00ی شەو بەکاتی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری کۆبوونەوەی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکەکە ئاشکرا دەکات لەسەر سوودی بانکیی.
 
کلیفۆرد بێنێت، لە کۆمپانیای راوێژکاری (ئەی سی وای سیکیۆریتی)یەوە لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئابووریی ئەمریکا هێندە سستبووەتەوە کە دەبێتە هۆکاری دابەزینی رێژەی هەڵاوسان، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکرێت.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ، ئەو نیگەرانییانەیە کە لەسەر کەرتی بانکی لە ئەمریکا سەریان هەڵداوە و بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا.
 
دابەزینی بەهای دۆلار پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ کردووە. 
 
نرخی نەوت بۆ نزیکەی 75 دۆلار دابەزیوە 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە جێگیری مایەوە دوای ئەوەی رۆژی رابردوو دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە پێنج هەفتەی رابردوودا.
 
دابەزینی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی سوودی بانکیی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بەوپێیەی وەبەرهێنەران و بازرگانان پێشبینی بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی بە رێژەی 0.25٪ خاڵی دیکە دەکەن.
 
هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەوروبەری 75 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە 71 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئێوا مانسی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەستی بازرگانان لە بازاڕی نەوتدا بە نەرێنی ماوەتەوە."
 
جگە لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە ئەمڕۆ بڕیار لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدات، بانکی ناوەندیی ئەوروپاش رۆژی پێنجشەممە لەو بارەیەوە بڕیاری خۆی دەدات.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی دەبێتە هۆکار بۆ لاوازبوونی چالاکییە ئابوورییەکان و بەوپێیەش خواست بۆ نەوت کەمدەکاتەوە.
 
ییپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکارێکی دیکەی کۆمپانیای راوێژکاری IGیە و دەڵێت، "بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ لە بازاڕدا هەرسکراوە و بازرگانان چاویان لەوەیە کە جیرۆم پاوڵ نیو کاژێر دوای راگەیاندنی سوودی بانکی لە گوتارەکەیدا چۆن وەڵامی نیگەرانییەکان دەداتەوە کە لەسەر کەرتی بانکی لە ئەمریکا دروستبوون."