وڵاتان دەیانەوێت گفتوگۆی بازرگانی بکەن دوای ئەوەی ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەردا سەپاندن

03-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رەخنەی تووندیان لەو پێناسە گومرگییانە گرت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەسەریدا سەپاندن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگای دانوستاندنیان بە کراوەیی هێشتەوە، لە کاتێکدا بازاڕی جیهان لەترسی زیانی جەنگە بازرگانییەکەی ترەمپ بۆ سەر ئابووریی جیهان، شڵەژا.
 
ترەمپ رۆژی دووی نیسان لە ژێر ناونیشانی "رۆژی ئازادکردن" پێناسە گومرگییەکانی راگەیاندن و دەستی لە هیچ وڵاتێک نەپاراست، یار و نەیارەکانی وەک یەک کردنە ئامانجی رێکارەکانی و زۆرترین پێناسی گومرگی بەسەر هاوبەشە بارزگانییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیدا سەپاندن، لەنێویاندا یەکێتیی ئەورووپا و چین. 
 
چین ئەمڕۆ داوای کرد پێناسەکان "دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێنەوە" و هەڕەشەی گرتنەبەری "رێکاری دژبەری" کرد، لە کاتێکدا فەرەنسا و ئەڵمانیا هۆشدارییان دا لەوەی، کە دەکرێت یەکێتیی ئەورووپا باج لەسەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا زیاد بکات. 
 
بەڵام لە هەمان کاتدا، یەکێتیی ئەورووپای خاوەن 27 ئەندام و وڵاتانی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستاندن نیشانداوە و خۆیان لەوە بەدوورگرتووە دەستبەجێ رێکاری تۆڵەکردنەوە دژی واشتن بگرنەبەر، لە کاتێکدا نزیکەی یەک هەفتەیان لەبەردەستە پێش ئەوەی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا لەسەر کاڵاکانیان بچنە واری جێبەجێکردنەوە.
 
پەکین دەڵێت، لەگەڵ واشنتن لەسەر پرسی بازرگانی "لە پەیوەندیدا ماوەتەوە"، هەروەها مارۆس سیفکۆڤیچ، بەرپرسی بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بە نیازە رۆژی هەینی قسە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانی بکات. 
 
سیفکۆڤیچ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "پێناسی ناڕەوا، کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت. ئێمە بە رێگەیەکی ئارام، بە هۆشیاری نەخشە بۆدانراو و یەکگرتوو مامەڵە دەکەین، لە کاتێکدا وەڵامی خۆمان ئامادە دەکەین و لە هەمان کاتدا کاتی پێویست بە گفتوگۆ دەدەین. بەڵام دەستەوسان نابین ئەگەر نەگەیشتینە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە."
 
بەڵام کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، ترەمپ "دوێنێ بڕاندییەوە کە ئەمە دانوستاندن نییە." 
 
راگەیاندنی پێناسە گومرگییەکان بازاڕی پێنوێنەکانی هەڵتەکاند، نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمارکرد، نرخی نەوت کەمبووەوە و دۆلاریش لە بەرامەر دراوەکانی دیکە دابەزی. 
 
جیم رەید، شرۆڤەکاری دۆیچە بانک گوتی: "24 کاژێری رابردوو گۆڕانێکی مێژوویی بوو بۆ سیستمی بازرگانیی جیهانی. هەندێ کێشەی رەوایەتی و متمانە هەیە سەبارەت بەوەی چۆن سەپاندنی گومرگەکە لەسەر بنەمای چ لێکدانەوەیەک کراوە. 
 
بازاڕەکانیشن لە ئێستاوە هەست بە کاریگەرییەکە دەکەن. پێنوێنی دۆلار دابەزینێکی بەخۆیەوە بینی کە لە ساڵی 2022ـەوە گەورەترینە."
 
پێنوێنە سەرەکییەکانی بازاڕی ئەمریکا لە وۆڵ ستریت بە دابەزینێکی سووری قووڵ دەستیانپێکرد، پێنوێنی Nasdaq بە زیاتر لە ٪4 و پێنوێنی S&P 500 بە زیاتر لە 3٪ دابەزین.
 
پێنوێنی بازاڕەکانی ئەورووپاش لە دوای نیوەڕۆەوە بە شێوەیەکی یەکجار گەورە دابەزین. پێنوێنی پاریس 3٪ دابەزی. 
 
لە ئاسیا، پێنوێنی Nikkei لە تۆکیۆ 2.8٪ دابەزی. هەروەها پشکەکانی بازاڕی هانۆی زیاتر لە 7٪ دابەزین دوای ئەوەی کە بە رێژەی 46٪ پێناسی گومرگی خرایە سەر ڤیێتنام. 
 
"مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کردین"
 
ترەمپ قورسترین پێناسی گومرگی خستنە سەر "ئەو وڵاتانەی مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کردووین"
 
پێناسی گومرگی لەسەر چین بە 34٪ زیادکرد، بەوە رێژە نوێیە و لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر بەسەریدا سەپێنرابوو، پێناسی سەر کاڵای چینی لە ئەمریکا گەیشتە 54٪.
 
یەکێتیی ئەورووپا 20٪ و ژاپۆن 24٪ پێناسی گومرگییان بەسەردا سەپێنراوە. 
 
بۆ ئەوانی دیکە، ترەمپ گوتی، بە رێژەی "سەرەتایی" 10٪ باجیان بەسەردا دەسەپێنێت، لە نێویاندا بەریتانیای هاوپەیمانە سەرەکییەکەی. 
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، پێناسە گومرگییەکان رووسیا ناگرنەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتەکە لەژێر سزادایە.  
 
ترەمپ پێیوایە ئەو پێناسانە "هاوتا"ی ئەوانەن کە وڵاتان بەسەر کاڵاکانی ئەمریکادا سەپاندوویانە، بەڵام زۆر لە پسپۆڕان دەڵێن، مەزەندەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەو باجەی وڵاتان خستوویانەتە سەر هاوردەی ئەمریکی، زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر کراون.  
 
جیا لەو هەموو باجانە، 25٪ پێناسی گومرگی خراوەتە سەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەرەوەی ئەمریکا دروستدەکرێن. 
 
دامەزراوە بازرگانییەکان نیگەرانن  و دەڵێن ئەم پێناسانە کاریگەریی گەورەیان دەبێت. هەر زوو دوای راگەیاندنیان، کۆمپانیای ئەمریکی و ئەورووپیی ستێڵانتیس کە خاوەنی براندەکانی جیپ، کرایسلەر و فیاتە، رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە هەندێ کارگەی کەنەدا و مەکسیک دەوەستێنێت. 
 
"کارەساتە بۆ ئابووری"
 
هەرچەندە ئابووریناسان دەڵێن، زۆرترین بارگرانیی ئەم پێناسانە دەکەوێتە سەر گیرفانی ئەمریکییەکان، ترەمپ رۆژی پێنجشەممە جەختیکردەوە، ئابوویری ئەمریکا " لە هەر کاتێک بەهێزتر دەبێت."
 
فرانسوا بایرۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا گوتی، پێناسەکان "کارەسات" دەبن بۆ ئابووریی جیهان و "بۆ ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکاش".  
 
ئەڵمانیاش گوتی، "هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە." ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، کە وڵاتەکەی هەناردەکارێکی گەورەی ئۆتۆمبێلە بۆ ئەمریکا، گوتی، پێناسەکانی ئەمریکا "لە بنەڕەتەوە هەڵەن" بەڵام گوتیشی، ئەورووپا ئامادەی گفتوگۆیە.  
 
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا گوتی، پێناسەکان "کارێکی دۆستانە نین" بەڵام ئوسترالیا کە 10٪ی بەسەردا سەپێنراوە، تۆڵە ناکاتەوە.  
 
پێناسەکان چەند کاڵایەک ناگرنەوە، وەک مس، دەرمان و چارەسەر، نیمچە گەیێنەرەکان، تەختەدار و زێڕ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.