دانەگاز دەستکەوتێکی 'گرنگ' لە بەرهەمهێنانی گاز رادەگەیێنێت

03-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمانیای دانەگاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم رایدەگەیێنن، لە 2008ـەوە تاوەکو ئێستا کۆی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە ئاستی 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت و ئەوەش بە دەستکەوتێکی "گرنگ" ناودەبەن.
 
ئەو دوو کۆمپانیایە کە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە سەرەتای مانگی سێی ئەم ساڵەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرزکردووەتەوە بۆ 525 ملیۆن پێی سێجا، ئەوەش بە رێژەی 75٪ بەرزبوونەوەی پێوەدیارە بەراورد بە ساڵی 2017.
 
دانەگاز هەروەها رایگەیاندووە، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندێنسەیتیان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرزکردووتەوە بۆ رۆژانە 15 هەزار و 200 بەرمیل.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەو دوو کۆمپانیایە بێت، رۆژانە 1070 تۆن گازی شلی (ئێڵ پی جی) بەرهەمدەهێنن.
 
دانەگاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم کە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم پێکدەهێنن، لە ساڵی 2008ـەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان گاز بەرهەم دەهێنن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە لە هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆکاری رەخساندنی 20 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
 
دانەگاز جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر کە بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 50٪ بەرزبکاتەوە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دەکەن لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا تەواو بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.