پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ نرخی زێڕی گەیاندە بەرزترین ئاست

03-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێناسە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تووندتربوون لە ئاستی پێشبینییەکان، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ناچارکرد رووبکەنە کڕینی سامانە سەلامەتەکانی وەک زێڕ، ئەوەش نرخی کانزای زەردی بۆ ئاستێکی نوێی دیکەی مێژوویی بەرزکردەوە.
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە 3148 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام لە دوای راگەیاندنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 3167 دۆلار و بەوپێیەش ئاستێکی نوێی مێژووی دیکەی تۆمارکرد.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا ئەمرۆ بە 3173 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، پێناسی گومرگی بەڕێژەی 10٪ بەسەر هەموو کاڵایەک سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت.
 
پێناسی گومرگی 10٪، کەمترینی پێناسە گومرگییەکان بوون، ترەمپ پێناسی گومرگی لەو رێژەیە زیاتر بەسەر هاوبەشەکانیدا سەپاند، بەمەش شەڕێکی گەورەی بازرگانی دژی زۆربەی وڵاتانی جیهان و گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی هەڵگیرساند.
 
شرۆڤەکاران پێیانوایە، سیاسەتی تووندی سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەبێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری کەم هەن کە بوونەتە پاڵپشتی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ. یەکێک لەو هۆکارانە، ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکایە دوای ئەوەی پێناسە گومرگییەکان جێبەجێکران."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە هان دەدات سوودی بانکی کەمبکاتەوە، ئەوەش گەورەترن پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرمیلی نەوت

نرخی نەوت بۆ ئاستی چوار ساڵ پێش ئێستا دابەزی

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە شێوەیەکی شۆکهێنەر بۆ خوار 60 دۆلار دابەزی، ئەوەش نزمترین ئاستی نرخی نەوتە لە چوار ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت