حکومەتی عێراق لەبارەی سێ مووچەی 2023ـی مووچەخۆرانی کوردستان: پابەندین بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023ـی مووچەخۆرانی کوردستان لە ئەستۆی ئەواندا نییە و پابەندی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبن، ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت "نە حکومەتی عێراق ئەو سێ مووچەیە دەدات، نە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش."
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، ئاراستەی ئەمینداریێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە "دەمانەوێت پێتانڕابگەیێنین حکومەت بە کارکردن بەوەی لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـدا پابەندە و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو بابەتەوە جێبەجێ دەکەین."
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی، کە رۆژی 25ـی شوباتی 2024 نووسراوێکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لەگەڵ 25 پەرلەمانتاری دیکە داوایان لێکرد مووچەی ئەو سێ مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکات، لەبارەی بڕیارەکەوە بە رووداوی گوت "ئێستا دەرکەوتووە؛ مووچەی ئەو سێ مانگە نە حکومەتی عێراق خەرجی دەکات و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، پارەکەى زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 ـی ساڵی رابردووی نەداوە، پاساوەکەشی ئەوەیە؛ پارەی بەردەست نییە.
 
ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەبێت هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، جگە لەوەش لەدوای جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـوە لە تەمموزی 2023ـوە کێشە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر جێبەجێکردنی دەقەکانی هەیە، بەو هۆیەوە مووچەی مووچەخۆران دوادەکەوێت و ئەم هەفتەیە دوای دوو مانگ مووچەخۆرانی کوردستان مووچەی مانگی شوباتیان وەرگرت.