رووداو دیجیتاڵ
بە پێچەوانەی دوێنێ، ئەمڕۆ لەکاتی داخستندا نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ نزیکەی 147 هەزار دینار دابەزی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-4-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 650 دینار بووە، بەڵام لەکاتی داخستندا نرخی دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 1417 هەزار و 150 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 750 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 147 هەزار و 250 دینار بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە 2-4-2024، نرخی 100 دۆلار زیاتر لە هەزار دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار گەیشتەوە نزیکەی 148 هەزار دینار.
داواکاریی بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە بۆ داخستنی هەژماری بانکیی عێراق لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی دوێنێی نرخی دینار بوو.
رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا داواکارییەک لەنێو بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە هەیە و داواکارییەکەش ئەوەیە کە عێراق هەژماری بانکیی خۆی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بکشێنێتەوە کە پارەی نەوتی تێدا دادەنرێت بۆ ئەوەی پارەکە راستەوخۆ بۆ عێراق بێت.
بەڵام دواتر بانکی ناوەندیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند لە ناتوانێت ئەو هەنگاوە بنێت و هەژمارەکەی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بکشێنێتەوە، چونکە عێراق قەرزاری هەندێک وڵاتە کە بڕی قەرزەکە نزیکەی 40 ملیار دۆلارە؛ بۆیە ئەگەر هەژمارەکە لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا نەبێت، رەنگە ئەو وڵاتانە داوای ئەو پارەیە لە عێراق بکەنەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە ئەوە هۆشدارییەکە کە بانکی ناوەندیی عێراق داویەتی، چونکە بوونی هەژماری عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا گەرەنتییە.
جەمال کۆچەر روونیکردەوە، عێراق بە دوو قۆناخدا تێپەڕیوە؛ یەکەم لە 2003وە دەستپێدەکات تاوەکو 2010؛ قۆناخی دووەمیش لە 2010 تاوەکو ئێستا، کە عێراق لە ژێر بەندی 7ی سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرچووە و سەربەخۆیی خۆی وەرگرتووە، ئەو کات هەژماری پەرەپێدانی عێراق DFI گۆڕدرا بۆ IRAQ2 کە داهاتی نەوتی تێدا دادەنرێت.
هەروەها جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کە هاوکات شارەزایە لە کارگێڕی و دارایی، دەڵێت، داخستنی هەژماری DFIـی عێراقی لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنها گواستنەوەی ژمارەی هەژمارەکەیە بۆ هەژمارێکی دیکە بە ناوی IRAQ2 و جێگەی ترس نییە.
هاوکات رەوەز میرزا دەڵێت، روونکردنەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دۆخی بازاڕی هێورکردەوە و ئەمڕۆ خواست لەسەر دۆلار کەمبووە، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی دینار دانا.
رۆژی 25-3-2024 عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.
بەگوتەی عەمار خەلەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە.
ئەوەش بە هۆکارێکی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دادەنرا. ئەمە جگە لە سەردانی چاوەڕوانکراوی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی لە 15ـی ئەم مانگە و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە گەشبینیی دروستکردووە و بە هەنگاوێک وەک نزیکبوونەوەی زیاتری ئەو دوو وڵاتە لێکدەدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ