لە بودجەی 2023دا 3.7 ترلیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 122 هەزار کەس دەبن و بڕی سێ تریلیۆن و زیاتر لە 703 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە. ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێشمەرگە لەنێو بودجەی بەرگریی عێراق شوێنی کراوەتەوە و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی نێو دەستەی حەشدی شەعبی پێکهێنراوە و کارەکانی تەواو نەبووە."
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبێت، لە دەروازەی بودجەی ئاسایش و بەرگری، بودجەیەکی تایبەت بۆ دەستەی حەشدی شەعبی تەرخانکراوە.
ئەو پارەیەی لە رەشنووسەکەدا بۆ حەشدی شەعبی دانراوە سێ تریلیۆن و 743 ملیار و 703 ملیۆن و 290 هەزار دینارە کە، بەمشێوەیەیە:
- 3 تریلیۆن و 468 ملیار و 754 ملیۆن دینار بۆ مووچە
- 6 ملیار و 521 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی خزمەتگوزاری
- 58 ملیار و 148 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی شمەکی
- 14 ملیار و 578 ملیۆن دینار بۆ چاککردنەوەی ئامێرەکان
رۆژی دووشەممە، 3-4-2023، مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی پێشمەرگەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بودجەی پێشمەرگە دیارینەکراوە لە دەروازەیەکی تایبەت، بەڵام لەنێو بودجەی بەرگریی عێراقدا شوێنی کراوەتەوە."
لەبارەی حەشدی شەعبیشەوە مەریوان قەرەنی گوتی: "هەندێک قسە لەسەر بوونی گەندەڵی و بوونی بندیوار لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت، بۆیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە لیژنەکەی ئێمە پێکهاتووە و ماوەیەکە دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بەڵام هێشتا راپۆرتەکەیان تەواونەکردووە و ئەنجامەکان نەخراوەتە بەردەستمان."
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014 دامەرزا. حەشد ژمارەیەک گرووپی چەکدارن و بە فەرمی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، بەڵام بەشێکیان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە و سەرۆکوەزیرانیش نابن و لە وڵات و شوێنی دیکەوە فەرمان وەردەگرن، زۆرجار بە هۆکاری پشێویی نانەوە تۆمەتباردەکرێن وەکو ئەوەی بەشێک لەو گرووپانە ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر هێزە بیانییەکان بە تایبەتی لە هەولێر، بەغدا و ئەنبار.
حەشدی شەعبی کە لە گردبوونەوەی زیاتر لە 50 گرووپی چەکداری شیعە پێکهاتووە و بەشێکی لە سەرکردەکانیشیان لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، لە ساڵی 2016 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێنرا و لە پاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی.