گومرکی ئیدارەی راپەڕین: لە دەروازەی کێلێ هاتووچۆی گەشتیاران بە پاسپۆرت دەستیپێکردووە

03-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژی پێنجشەممەوە لە دەروازەی کێلێ هاتووچۆی هاووڵاتییان لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەوە بە پاسپۆرت دەستیپێکردووە؛ گومرکی ئیدارەی راپەڕینیش دەڵێت، کردنەوەی رێگەکە "کاریگەریی لەسەر داهاتی ناوچەکە دەبێت." 
 
رۆژی هەینی 3-3-2023، جەوهەر رەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرکی ئیدارەی راپەڕینی سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی کێلێوە بە پاسپۆرت دەستیپێکردووە." 
 
جەوهەر رەسووڵ جەختی لەوەش کردەوە، لە دوێنێوە ژمارەیەک هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بە پاسپۆرت و لە رێگەی دەروازەی کێلێوە گەشتیان کردووە و لە ئێرانیشەوە ژمارەیەک کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
دەروازەی کێلێ لە ساڵی 1991ەوە کراوەتەوە، بەڵام زیاتر بۆ مەبەستی بازرگانی بەکارهێندراوە. جەوهەر رەسووڵ دەڵێت، ئەوە یەکەمجارە دەروازەکە بە رووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە کە دەتوانن بە پاسپۆرت گەشت بە دەروازەکەدا بکەن.
 
بەڕێوەبەری گومرکی ئیدارەی راپەڕین پێیوایە، هاتووچۆی گەشتیاران بە پاسپۆرت لە دەروازەی کێلێ "کاریگەریی لەسەر داهاتی ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوولا دەبێت"، جگە لەوەش رێگەی هاتووچۆ بۆ دانیشتووانی ناوچەکە کورت دەکاتەوە، کە پێشتر دەبووایە بە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران یان باشماخ گەشت بۆ ئێران بکەن.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی داخستنی دەروازەکە بڵاوبووەوە، بەڵام بەڕێوەبەری گومرکی ئیدارەی راپەڕین، ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو بڕیارەی هەیە دەروازەی کێلێ ناگرێتەوە، بەڵکو مەرزەکانی زەڵێ و قندۆل دەگرێتەوە کە خۆیان هەر داخراون."
 
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئێران هەن ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر. هەروەها دەروازەکانی کێلێ لە پشدەر، سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە کە نێودەوڵەتی نین. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە