سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: ئەم مانگە مینحەی خانەنشنیان نادرێت

03-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم مانگەش مینحەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024، جێبەجێ نەکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم مانگە مینحەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت."
 
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراوە، مووچەیان لە 200 تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
 
هەروەها ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتییان بۆ زیاد دەکرێت، ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە