رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، پێشوازی لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەکات.
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-2-2025) لە راگەیێندراوێکدا گوتی "ئەپیکور، پێشوازی لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەکات و، موکڕە لەسەر گەیشتنە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق - تورکیا."
ئەو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، لە چوارچێوەی یەک گرووپدا بەناوی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور کۆبوونەتەوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری 2023، بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراقەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا. دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی یەکشەممە هەمواری یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا و بەوپێیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
کێشەیەکی سەرەکیی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بوو، بەپێی مادەی 12 لە هەمواری یاسای بودجە، 16 دۆلار تەرخانکراوە وەکو تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت، ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی دەدرێت.
لە ماوەی ئەو 22 مانگەدا، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستابوو.
لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "23 تاوەکو 24 ملیار دۆلار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ