رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی سێشەممەی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئەمریکا، گەییشتنە بە رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بگەڕێتەوە بۆ پێش ئەم هەڵبەزین و دابەزینەی ئەم دواییە.
سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی دۆلار بۆ ئێران لە لایەن چەند بانکێکی بازرگانیی عێراقەوە، ناردنی دراوەکەی بۆ عێراق کەمکردەوە، لە ئەنجامدا دیناری عێراقی سەرووی 15٪ـی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدا و ئەوەش نیگەرانیی گەورەی لە نێو هاووڵاتیاندا دروستکردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 3-2-2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداودا کە نمە نەبەز پێشکێشی کرد، پشتڕاستیکردەوە کە 7ـی ئەم مانگە شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بە بەشداریی نوێنەرانی باڵای کەرتی دارایی و بانکیی عێراق سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ "بەرپرسانی باڵای ئەمریکا" لەوانەش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبنەوە و لەسەر بنەمای چوارچێوەی ستراتیجیی نێوانیان، دانوستاندن لەسەر چەند "میکانزمێک" دەکەن "بۆ پێکەوەکارکردن لە کەرتەکانی دارایی و بانکییدا."
ئەمڕۆ لە بازاڕی گشتیدا 100 دۆلار بە سەروو 170 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە کرا، دوای ئەوەی کە دوێنێ 178 هەزاری تێپەڕاند.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت: "ئامانجی حکومەتی عێراق لەم سەردانە دانانی سنوورێکە بۆ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراوی ئاڵۆگۆڕی بەهای دۆلار لە بازاڕی گشتیدا لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان."
بەهای فەرمیی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە هەزار و 460 دینار دیاریکراوە، واتە هەر 100 دۆلار بە 146 هەزار دینارە.
هەر رێککەوتنێک لە سەردانی شاندی عێراقییەوە لە واشنتن بەدەستبێت، تەنیا کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار لە بازاڕی گشتیدا دەبێت و هیچ گۆڕانێک لەو بەهایەدا دروستناکات کە بانکی ناوەندی دەستنیشانیکردووە، ئەمە وەک سەحاف ئاماژەی پێکرد.
دابەزینی بەهای دینار کابینە تەمەن سێ مانگەکەی سەرۆکوەزیران محەممەد شياع سوودانی خستووەتە بەردەم ئەزموونەوە.
لە کاتێکدا کە خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا داوای بەرزکردنەوەی بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلار دەکرد، ئەحمەد سەحاف بە رووداوی گوت: "حکومەت بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بەهای ئاڵۆگۆڕی دراو لەسەر بنەمای جێگیریی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و بەردەوامیشە لە فرۆشتن و پشتیوانیکردنی هاوردە دەرەکییەکان لەسەر بنەمای گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و بەپێی رێکارە بازرگانییە دروستەکان. لە هەمان کاتیشدا رێکاری حکومی هەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ بەقاچاخبردنی پارەی عێراق یانیش قۆستنەوەی سامانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی لایەنەکانی دیکە."
سەحاف جەختیکردەوە کە "حکومەت رێکاری نێوخۆیی جیاوازی گرتووەتەبەر. بۆ رێکاری دەرەکیش، وەزیری دەرەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ دەکات بۆ دۆزینەوەی روانگەی هاوبەش لەم بوارەدا."
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق:
رووداو: ئەندامانی ئەو شاندەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە سەردانی ئەمریکا دەکەن کێن و کەی سەردانەکە دەکەن؟
ئەحمەد سەحاف: زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان و سڵاو و رێز بۆ بینەرە بەڕێزەکانتان؛ هەروەها سوپاسی کەناڵی رووداو دەکەم بەهۆی بایەخدانی بە گۆڕانکارییەکان لە بەهای دۆلار و دینار و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی عێراق و رەنگدانەوە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی عێراق. لە گۆشەنیگای بایەخ و گرنگییەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ئەم پرسە، شاندێکی باڵای حکومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بە هاوەڵی ژمارەیەک کەسایەتیی لە کەرتەکانی بانکی و دارایی، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن. ئەوان لەوێ چاویان بە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا دەکەوێت و گفتوگۆی تێروتەسەل لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لەسەر بنەمای هاوبەشی نێوان بەغدا-واشنتن دەکرێت. بابەتی سەرەکیی گفتوگۆ و دیالۆگەکان خستنەڕووی میکانیزمە بەردەستەکان دەبێت لەپێناو هاوئاهەنگی و کارکردن لە کەرتەکانی دارایی و بانکدا.
حکومەتی عێراق مەبەستیەتی رێگە لە هەڵکشانی نائاسایی و کۆنترۆڵنەکراوی بەهای دۆلار بگرێت بەهۆی ئەوەی کاریگەری خستووەتە سەر قووتی رۆژانەی هاووڵاتییان. حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی دراوی خۆماڵی و جێگیرکردنی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە رێگەی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی و بەردەوامە لە فرۆشتن و کڕینی هاوردەکارییەکان لەسەر بنەمای حەواڵەی دارایی پاک و بێگەرد کە پشت بە میکانیزم و پێوەری دروست دەبەستێت، بەڵام لە هەمان کاتدا رێکاری حکومیش هەن بۆ رێگەگرتن لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات یان خراپ سوودوەرگرتن لە دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی لایەنەکانی دیکە. حکومەت رێکاری نێوخۆیی فرەڕەهەندی گرتووەتەبەر و رێکارە دەرەکییەکانیش لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگی بەڕێز وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستپێدەکات بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی هاوبەش بۆ ئەم بابەتە.
رووداو: سەردانەکە بەدیاریکراوی لە چ رۆژێکدا دەکرێت؟
ئەحمەد سەحاف: دوای رۆژی 7ی مانگ، وەک باسم کرد، شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بە یاوەریی شاندێکی باڵا سەردانی ئەمریکا دەکەن؛ لەوێ چاوی بە ئەنتۆنی بلینکن، هاوشانە ئەمریکییەکەی دەکەوێت و چەندین بابەتی هاوبەشی نێوان هەردوولا دەخرێنە بەرباس؛ هەروەها گفتوگۆیەکان پشت ئەستوور دەبن بە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بەغدا-واشنتن. ئەم رێککەوتنە پەیوەندییەکان رێکدەخات و بنەمای پابەندبوونی هەردوولایەن دەخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و گرتنەبەری دەرفەتە پێویستەکان. رێککەوتنە ستراتیژییەکە چەندین بوار لەخۆ دەگرێت وەک دارایی، بانکی، پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی، ژینگە، راوێژکاریی سیاسی و دیپلۆماسی. چاوەڕوانییەکانمان لەم سەردانە بریتییە لە هەبوونی رێککەوتنی روون کە ئەنجامی بەرجەستەکراوی لێبکەوێتەوە و هاوکاری حکومەتی عێراق بکات لەپێناو چارەسەرکردنی بەپەلەی خواست و پێداویستییەکانی گەلی عێراق کە چاویان لە هەنگاوەکانی حکومەتە لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی هەڵکشانی بەهای دۆلار.
رووداو: سەردانەکە تەنیا بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دۆلار و دینارە یان رێککەوتنی دیکەش لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا دەکرێن؟
ئەحمەد سەحاف: گفتوگۆی سەردانەکە لە ئاستی جیاجیادان، لەسەرووی هەموویانەوە ئابووری و دارایی و مامەڵەی بانکی. بەڕێز وەزیری دەرەوە و شاندی یاوەری سەرجەم پرس و بابەتە تەکنیکییەکان و هاوئاهەنگییە هاوبەشەکان و پاڵپشتیی دوولایەنە بەپێی میکانیزم و بەرنامەی دیاریکراو دەخاتەڕوو کە هەردوو حکومەتەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنە ستراتیژییەکە چاودێریی وردی دەکەن؛ هەروەها دووبارە و سەرلەنوێ حکومەتی عێراق پێناسە و دیدگەی خۆی بەڕوونی لەبارەی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی عێراق دەخاتەڕوو. پێشتر شاندی دانوستاندنکاری عێراقی جەختی لەوە کردبووەوە و لێرەشەوە لە رێگەی شاشەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە دووپاتی دەکەینەوە، هیچ هێزێکی شەڕکەر لە خاکی عێراقیدا بوونی نییە. ئەو هێزانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەن پەیوەندیدارن بە بوارەکانی راوێژکاری، مەشق و راهێنان، بەرزکردنەوەی ئاست و توانا و شارەزاییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەمەش لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق کراوە. ئەوانیش بە بایەخەوە پێداگری و پابەندبوونیان لە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق و بەهێزکردنی ئاسایش و بایەخدان بە سەقامگیریی نێوخۆیی عێراق و پاراستنی پەیوەندییە سرووشتی و هاوسەنگی نێوان بەغدا-واشنتنەوە راگەیاندووە.
عێراق هەنگاوی زۆری ناوە و قۆناخی زۆری بڕیووە لەپێناو پێداگری لە سیاسەتی دەرەوەی، ئەویش لە رێگەی کرانەوە، گرتنەبەری سەرجەم دەرفەتە پێویست و پڕبایەخەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەسەر بنەمای کارامەیی و کارکردن بۆ بەجێگەیاندنی کارنامەی حکومی بەسەرۆکایەتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی. بەردەوامین لە کاری هاوبەشیمان لە رێگەی بنەمای رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. پێویستمان بە پەیوەندیی هاوسەنگ و کارامەیە لەپێناو پتەوکردنی سەقامگیریی ناوخۆ و جەخت لە رێکارە دارایی و بانکییەکان دەکەینەوە کە شوناسێکی روون و ئاشکرا و هاوسەنگ دەبەخشنە دارایی عێراق. حکومەت ژمارەیەک رێکاری دیکەی گرتووەتەبەر و سوورە لە جێبەجێکردنیان لەپێناو تێپەڕاندنی بودجەی گشتی لە قۆناخی داهاتوودا. ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە هەیە، سەرجەم گۆڕانکارییەکان دەخەینە بازنەی بایەخەکانمان بۆ جێبەجێکردنیان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و هاوئاهەنگیی کاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا. بەدڵنیاییەوە ئەم بایەخە و دیالۆگە، بەدەر نییە لە دیالۆگەکانی دیکەی رێککەوتنی ستراتیژیی رابردوو. دیپلۆماسییەتی عێراقی ئەم بەرپرسیارێتییە هەستیارەی خستووەتە سەرشانی خۆی لەسەردەمێک و کاتێکی زۆر ورد و هەستیاردا کە وەک باسمان کرد پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.
رووداو: شاندەکە نوێنەری بانکی ناوەندیی عێراقی لەگەڵدایە؟
ئەحمەد سەحاف: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە نوێنەری لە بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دەرەوە لەگەڵدایە؛ هەروەها گفتوگۆکان وەک باسم کرد، زۆر قووڵ و فراوان دەبن لە چوارچێوەی بەرنامەیەک لەبارەی سرووشتیی ئاڵنگارییەکان کە حکومەتی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات لەپێناو بەرگرتن لە رەنگدانەوە نەرێنییەکانی سەر دۆخی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان.
رووداو: پێشتر هیچ بەڵێنێک لەگەڵ ئەو شاندە ئەمریکییەی کە لەگەڵیان کۆدەبنەوە وەرگیراوە؟ واتە پێش ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە؟
ئەحمەد سەحاف: کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیی دەبن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و کۆبوونەوەی تایبەتیش لەسەر ئاستەکانی دارایی و بانکی دەبن. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ویستێکی روون لەنێوان هەردوو لایەن هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو کە پاڵپشتی لە کەرتی دارایی و بانکیی عێراق بکات و هاوکاری ئەو کەرتانە بکات بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی پاراستن و شەفافییەت و هەنگاونان بە ئاراستەیەکی روون و دروست. لەلایەکەوە هاوکاری دارایی و بانکی هەیە کە رێکارە ئابووریی و داراییەکانی عێراق تۆکمەتر دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە رەهەندی هاوکاریی دیپلۆماسی و سیاسی هەن کە دەکرێ دیدگە و روانگەی هاوبەشی نێوان هەردوولایەن بخاتەڕوو بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە کە کاریگەرییەکانی بەسەر شەقامی عێراقییەوە دیارە.
رووداو: شاندی ئەمریکی هیچ مەرجێکی هەبووە بۆ پێشوازیکردن لەو شاندە عێراقییە؟
ئەحمەد سەحاف: بەهیچ شێوەیەک پێش مەرجی شاندی هەردوولایەنی عێراقی-ئەمریکی لە ئارادا نییە، بەڵکو ئەجێندای هاوبەش هەیە کە ژمارەیەک پرس و بابەتی گرنگ لەخۆدەگرێت و لەسەر مێزی گفتوگۆدا دانوستاندنی تێروتەسەل دەکرێت. هەردوولایەن ئێستا کار بۆ تەواوکاری بنەمای ئابووری و دارایی تۆکمە دەکەن، بەتایبەتی پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق بۆهەبوونی شووناسێکی روون و دیاری ئابووری عێراق کە بتوانێت هاوکاری حکومەت بێت بەو ئاراستەیەی زەمینەخۆش بکات بۆ گەلی عێراق و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئابووری عێراق؛ هاوکات رێگەچارەی گونجاو لەم دۆخەدا بدۆزرێتەوە کە هاووڵاتییانی بەڕێزی عێراقی چاوەڕێی دەکەن.
رووداو: لەو باوەڕەدان ئەمریکا رازی بێت بەکەمکردنەوەی ئەو کۆت و بەندانەی کە لەسەر خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دانراون؟
ئەحمەد سەحاف: لە بنچینەدا مەرج نییە، بەڵکو هاوئاهەنگیی هاوبەش لەئارادایە. ئەم هاوئاهەنگییە هاوبەشە جەخت لە پاراستنی داهاتی عێراق دەکاتەوە؛ لە هەمان کاتدا رێگری لە هەر جۆرە رێگەیەکی بەقاچاخبردنی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی عێراق دەکات، چونکە ئەمە زیان بە ئابووریی عێراق و سرووشتی ئاڵوگۆڕە داراییەکان و بانکییەکان و خۆگونجاندنیان و رەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی رۆژانەی هاووڵاتییان دەگەیێنێت. هەروەها بابەتە ئابووری و داراییەکان بەگرتنەبەری رێکارە هاوبەشەکان رێکدەخرێن. لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولایەنیش چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئێمەش چاوەڕێی گرتنەبەری ئەو هەنگاوانە دەکەین کە بەهۆیانەوە ئابووری و دارایی عێراق پارێزراوتر دەبێت.
ئێستا حکومەت بایەخێکی زۆر بە دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو و بەدەمەوەچوونی راستەوخۆ دەدات بۆ بەرگرتن لە زیاتربوونی کاریگەرییەکان و رەنگدانەوە نەرێنییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە گرتنەبەری سیاسەتە پەیوەندیدارەکانی بە دۆخی ئابووریی عێراق و مامەڵە داراییەکان و پاراستنی داهاتی عێراق و ئەمەش بەشێکە لە رێکارەکانی لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە هەر جۆرە دۆخێک کە کەسانێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت دەیانکەن. لە ئەگەری نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، تێگەیشتنێکی نەرێنی و تێڕوانینێکی خراپ لای شەقامی عێراقی دروستدەبێت بەوەی کە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق لە ئاستی پێویستدا نین بۆ بەرگریکردن و پاراستنی داهات و ئابووری وڵات.
لە راستیدا ئەم حکومەتە، حکومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانییە و رۆژانە کاردەکات لەپێناو دابینکردنی خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق. هەست بەوە دەکەین ئەم قۆناخە پێویستی بەهەنگاوی کردەیی زیاترە بەگرتنەبەری رێکار و رێوشوێنی حکومی و پێویستمان بە لێکگەیشتنی زیاتر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بە دانوستاندن. لە هەمان کاتیشدا بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دراوی بیانیی بۆ دەرەوەی عێراق و داخستنی سەرجەم کەلێنەکان بەڕووی هەموو ئەو لایەن و کەسانەی ناتوانن بە رێگای فەرمی و رەواوە کارەکان بکەن.
رووداو: ئەمریکا هیچ داواکارییەکی تایبەتی هەبووە بۆ عێراق لەبارەی بردنە دەرەوەی دۆلار، بەتایبەت بۆ ئێران؟
ئەحمەد سەحاف: لەو بابەتەی بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا، هیچ باس و خواسێکی نێوان بەغدا-واشنتن لەئارادا نییە. سەرجەم ئەو دیالۆگانەی عێراق لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێیەکانی دەیانکات لە رێگەی شاندە دیپلۆماسییەکانییەوە بریتین لە دیالۆگی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و سەروەرییەکانی عێراق و جەخت لە نیازی پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانە بەشێوەیەکی هاوسەنگ دەکاتەوە. سەرجەم دیالۆگەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای عێراقی ئەنجام دەدرێن و بایەخی زۆریان پێدەدەین. هیچ جۆرە گوشار و پاڵنەرێک نییە کە کاریگەری بخاتە سەر سرووشتی گفتوگۆ و دیالۆگەکان کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێکیان دەخات لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.
رووداو: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نیگەرانە لە بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئێران و رووسیا. ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی ئەمریکا بکات چۆن دەتوانێت ئەمریکا رازی بکات متمانە بە بانکی ناوەندیی عێراقی بکاتەوە؟
ئەحمەد سەحاف: متمانە لەنێوان دامەزراوە ئابووری و بانکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراق بەدی دەکرێت و ئەم متمانەیە لەسەر بنەمای کارکردن بە بەرنامەی هاوبەش و لێکگەیشتنی بەردەوامە لەپێناو پاڵپشتیکردن لە ئابووریی عێراق. مەبەست لەم سەردانەش هاوئاهەنگییکردن و کاری هاوبەشە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە سەرجەم بوارەکاندا بەگشتی و بواری دارایی و بانکیی بەتایبەتی لەپێناو رێگریکردن لە هەر جۆرە هۆکارێک کە پاڵپشتی لە هەر لایەنێکی دیکە و گرووپێک بکات کە زیان بە شوناسی ئابووری عێراق بگەیێنێت. بنچینەی دیالۆگەکان، تەنیا بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقە و هەر ئەم بنەمایەش سەرچاوەی سەرجەم کارەکانمان دەبێت بەپشتبەستن بە کارنامەی حکومەتی عێراق کە بایەخێکی ستراتیژی بە بابەتی ئابووری دەدات و ئەم هەنگاوانەش پێویستیان بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانی ستراتیژیی عێراق کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. دووپاتی دەکەمەوە کاری لەپێشینەی نیشتمانیی عێراق لە چوارچێوەی دیدگە و روانگەی تایبەتی کارنامەی حکومەتی عێراق و لەبەرچاوگرتنی سەرجەم گۆڕانکارییەکان لەگەڵ ئەمریکا لەبەرچاو دەگیرین.
رووداو: زۆر سوپاس
ئەحمەد سەحاف: سوپاس بۆ ئێوەش
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ