ئەمساڵیش لە هەندێک شوێن لەکاتی دابەشکردنی نەوت بە کلکە ماسیحە دەیپێون


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەری ناحیەی سێگردکان کە بۆ قایمقامیەتی قەزای کۆیەی ناردووە داوا دەکات بۆ دابەشکردنی نەوتی حکومی بژمێر (عەداد)یان بۆ دابین بکەن، بەڵام بۆیان دابیننەکراوە، بۆیە ئەمساڵیش ناچاربوون هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نەوتی دابەشکراو بە کلکە ماسیحە بپێون. 
 
بەپێی نووسراوێک کە رۆژی 22-11-2022، لەلایەن ئەبوبەکر فەیسەڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی سێگردکانی سەر بە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر ئاڕاستەی قایمقامیەتی قەزای کۆیەی کردووە، بەناونیشانی (دابینکردنی عەداد لەکاتی دابەشکردنی نەوت) داواکراوە ئەو تانکەرانەی نەوت دابەشدەکەن بژمێریان پێوەبێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "داواکارین لە بەڕێزتان لەکاتی دابەشکردنی نەوت، ئەو تانکەرانەی، کە تایبەتن بە دابەشکردنی نەوت بژمێری پێویستیان پێوەی بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتی مافی نەفەوتێت و گیروگرفت دروست نەبێت، چونکە ساڵی رابردوو بەهۆی نەبووی عەداد گیروگرفتی زۆر دروست دەبوو بە دار ماسیحە نەوتی ناو بەرمیلی هاووڵاتی پێوانە دەکرا، بۆیە داواکارین نووسراوەکەمان بۆ بەرزبکەنەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار."

 

 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناحیەی سێگردکانی سەر بە قەزای کۆیە بۆ ئەمساڵ تەواو بووە، ئەمساڵیش پشت بە داری ماسیحە بەستراوە بۆ پێوانەکردنی نەوتەکە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نەوت و کانزاکانی هەولێر، کارگێڕی ناحیەکە ئاگادارکراونەتەوە کە ناتوانن بژمێر دابین بکەن، بۆ ئەمساڵیش کلکە ماسیحە بەکاربێنن، کلکە ماسیحەکە 78 سانتیمەتر و 2 ملیمەتر بخرێتە نێو بەرمیلەکە و نەوتەکەی پێ بپێورێت. 
 
عیماد رەفعەت، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی ئەو نووسراوە و پشتبەستن بە کلکە ماسیحە بۆ پێوانەکردنی نەوت، رۆژی هەینی 3-2-2022، بە رووداوی گوت، "ئێمە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەن باسی ئەو بابەتە دەکەین، دەبووایە ئەو تانکەرانە هەموویان بژمێریان پێوەبێت، چونکە ناکرێت پشت بەو رێگەیە ببەسترێت، بەڵام بژمێر نرخەکەی گرانە پێموابێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو تانکەرەکان ئەو بژمێرەیان لەسەر نییە."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژی 20-10-2022، دەستی بە دابەشکردنی نەوت کرد. لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان هەن. بۆ وەرگرتنی نەوت دابەشی سەر سێ زۆن کراون:
 
- ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان. 
- ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان.
- سەنتەری شارەکان 625 هەزار خێزان.
 
رۆژی 13-1-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، تائێستا 50 ملیۆن و 480 هەزار و 200 لیتر نەوتی دابەشکردووە و 252 هەزار خێزان لێی سوودمەندبوون.