مانگى رابردوو بە بەهای 21 ملیۆن دۆلار لە نەوتى کەرکووک بە ئوردن فرۆشراوە
رووداو – هەولێر
لە مانگى کانوونى یەکەمى 2022 نزیکەى 323 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک هەنارەى ئوردن کراوە کە بەهاکەى زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلار بووە.
بەگوێرەى ئامارى بەرایی کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بۆ هەناردە و داهاتى نەوتى مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، 322 هەزار و 970 بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوە هەناردەى ئوردن کراوە، بە نرخى 65.12 دۆلار کە داهاتەکەى دەکاتە 21 ملیۆن و 683 هەزار دۆلار.
هەناردەى نەوتى کەرکووک بۆ ئوردن، بەڕێگەى تەنکەرە، ئەویش لەچوارچێوەى لێکتێگەیشتنێک کە 28ى ئەیلوولى 2021 لە نێوان عێراق و ئوردن واژۆ کرا بۆ ئەوەى تاوەکو 31ى کانونى یەکەمى 2022، عێراق رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بە ئوردن بفرۆشێت، کە هەر بەرمیلێک نەوت لە 16 دۆلار کەمتر لە نرخى رۆژ بە ئوردن دەفرۆشرێت، بڕیارە لەساڵى 2023 رێککەوتنەکە نوێ بکرێتەوە.
وەزارەتى نەوت لە راگەیێندراوەکەیدا ئاشکرایکردووە، تێکڕاى هەناردەى نەوتى عێراق لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، 103 ملیۆن و 281 هەزار و 459 بەرمیل بووە کە دوو ملیۆن و 223 هەزار و 338 هەزار بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوە بووە کە بە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا هەناردەکراوە.
بەگوێرەى ئەو ئامارە تێکڕاى بەهاى یەک بەرمیل نەوت لەو مانگەدا 73.6 دۆلار بووە و داهاتەکەى 7.6 ملیار دۆلار بووە.