لە رۆژێکدا 4600 گەشتی ئاسمانی بەهۆی ئۆمیکرۆن و بەفربارینەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە زیاتر لە 2600 گەشتی ئاسمانی تەنیا لە ئەمریکا هەڵوەشێندراوەتەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش 4600 گەشتی ئاسمانی دواخراون.
هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەهۆی کەمیی ستاف و تووشبوونی کارمەند و کرێکارەکانیانەوە بە کۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. لەنێوان تیمی فڕۆکەوانیش تاوەکو ئێستا 19 فڕۆکەوان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
لە رۆژی 24ی مانگی 12 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار گەشتی ئاسمانی لە ئەمریکا هەڵوەشێندراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان نییە. بارینی 23 سانتیمەتر بەفر لە شیکاگۆ، فڕۆکەخانەی شیکاگۆی پەکخستووە.
بە تەنیا لە شاری شیکاگۆ زیاتر لە 1000 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە. هێڵی ئاسمانیی ئەمریکا و هێڵی ئاسمانیی دێلتا 200 گەشتی ئاسمانییان لەبەر کەشوهەوای تووند و هاتنی بای بەهێز هەڵوەشاندووەتەوە. هێڵی ئاسمانیی یۆنایتێدیش 150 گەشتی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەو هێڵە ئاسمانییانە خراپیی کەشوهەوای لە دیترۆیت، دێنیوەر و شیکاگۆ و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان ناودەبەن.
سیلڤیا رۆبینسن، گەشتیارێکە لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ چاوەڕێی دیاریکردنی کاتی فڕینە و دەڵێت، "دەتوانم بۆ ماوەی نیو کاژێر لێرە چاوەڕوان بکەم. ئەگەر شەو لێرە نەمێنمەوە باشە."
لە نێوان هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانیش، هێڵی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی چین 500 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندووەتەوە و هێڵی ئاسمانیی چاینا ئەیریش 200 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێی ئاژانسی کەشوهەوای نیشتمانیی ئەمریکا، شەپۆلی بەفربارین رووی کردووەتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا و بەو پێیەش پێشبینی دەکرێت گەڕانەوەی گەشتیاران بۆسەر کارەکانیان دوای تەواوبوونی رۆژەکانی پشووی سەری ساڵ لەو ناوچانە ئەستەم بێت.