ژووری بازرگانیی هەولێر: داشکاندن لە کرێی بارەکانی هەرێمی کوردستان لە بەندەری مێرسین دەکرێت

02-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ رۆژە شاندێکی ژووری بازرگانیی هەولێر لە باکووری کوردستان و تورکیایە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، سەردانی مێرسین و رووهایان کردووە و بەڕێوەبەرایەتیی بەندەری مێرسین بەڵێنی داوە داشکاندن لە کرێی بارکردنی ئەو کەلوپەلەدا بکەن بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 2ی تشرینی دووەمی 2024 گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندێکی 19 کەسی لە تورکیاین و سەردانی هەردوو شاری مێرسین و رووهامان کرد. ئامانجی سەردانەکەش پتەوکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەردوولایە و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەند کۆمپانیایەکی رووها و مێرسین بۆ وەبەرهێنان بێنە هەرێمی کوردستان."
 
گەیلان حاجی سەعید گوتی، "لە مێرسین لەگەڵ ژووری بازرگانی، بەڕێوەبەرایەتیی بەندەر، بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و 100 بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و کارگەی شارەکە بە جیا کۆبووینەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون. بەڕێوەبەرایەتیی بەندەری مێرسین بەڵێنی دا داشکاندن لە کرێی بارکردنی ئەو بارانەدا بکات بۆ هەرێمی کوردستان دێن. بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکانیش بەڵێنی ئەوەیان پێداین کە دوای رەزامەندی حکومەتی تورکیا لقی کۆمپانیاکانیان دەهێننە هەرێمی کوردستان."
 
شاندێکی 19 کەسی لە ژووری بازرگانیی هەولێر سەردانی هەردوو شاری مێرسین و رووهایان کرد
 
شاندەکە چووەتە شاری رووهای باکووری کوردستانیش. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتی، "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو پارێزگایە رێککەوتنمان کرد کە لە داهاتوودا ئاسانکاری بۆ بازرگانانی کورد بکرێت بۆئەوەی بتوانن ئاسانتر لەو شارەدا کاری بازرگانی بکەن؛ هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی بازرگانیی شارەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە