کۆمپانیای ئەپڵ لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا 94.93 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەپڵ لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا 94.93 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، کە باشتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان. پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 14.7 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 6% بەرزبووەتەوە.
 
فرۆشی ئایفۆن لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە لەو ماوەیەدا 46.22 ملیار دۆلار بووە، کە بە رێژەی 5.5% بەراورد بە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوو زیاتر بووە.
 
هەروەها بەشی خزمەتگوزاریی ئەپڵ داهاتی باشی بۆ کۆمپانیاکە دەستەبەر کردووە.
 
خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ وەکو ئەپ ستۆر، ئای کڵاود و ئەپڵ میوزیک داهاتی 25 ملیار دۆلاریان بۆ کۆمپانیای ئەپڵ لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵ دەستەبەر کردووە.
 
تیم کۆک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ لەو بارەیەوە دەڵێت، فرۆشی ئایفۆن 16 لە ئایفۆن 15 زیاتر بووە؛ هەروەها فرۆشی ئایفۆن 15 لە ئایفۆن 14 باشتر بووە.
 
تیم کۆک رایگەیاند، بەنیازن فرۆشگای زیاتری کۆمپانیاکە لە هیندستان بکەنەوە و ئامانجییانە بازاڕی هیندستان گەورە بکەن.
 
هەرچەندە پوختەی قازانجی کۆمپانیای ئەپڵ 14.7 ملیاردۆلار بووە و زیاتر بووە لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوو، بەڵام کۆمپانیاکە بە بڕی 10.2 ملیار دۆلار سزای بژاردووە بە ئەورووپا کە وەک باج لەسەری سەپێندراوە. ئەگەر ئەوە نەبوایە، پوختەی قازانجەکانی بەرزتر دەبوو.