رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ئێران ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی هیرشەکەی ئیسرائیل دەکات، بەرزبووەوە. هەرچەندە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سنووردارکردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 29 سەنت بەرزبووەوە یەک بەرمیلی بە 73 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 69 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژی هەینیدا، بەڵام لە ئاستی هەفتانە نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 4% و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 3% دابەزینیان بەخۆوە بینیون.
ماڵپەری ئاگزیوس لە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە باس لەوە دەکات کە ئێران ئامادەکاری دەکات لەڕێگەی عێراقەوە هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل.
تەشەنەکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، مەترسیی جیوسیاسی لە بازاڕی نەوتدا دروستکردووە و ئەوەش نرخەکانی نەوتی رۆژی هەینی بەرزکردووەتەوە.
بەپێی کارگێڕی زانیاریی وزەی ئەمریکا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بەرزبووەتەوە بۆ 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل. شرۆڤەکاران پێیانوایە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت لە رۆژی هەینیدا سنووردار بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ