بەهای زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی نرخی زێڕ رۆژی چوارشەممە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد و گەیشتە 2790 دۆلار، رۆژی پێنجشەممە و رۆژی هەینی، نرخی کانزا زەردەکە زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا و دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار.
 
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
 
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەڕێژەی 0.2% دابەزی بۆ 2736 دۆلار.
 
رۆژی پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ 2744 دۆلار و رۆژی هەینیش زیاتر دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار.
 
مانگی رابردوو بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا تەنیا 12 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە. ئەوەش کەمترین ئاستی دروستبوونی هەلیکاری مانگانەیە لە ئەمریکا لە مانگی 12ی ساڵی 2020 بەدواوە.
 
سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆربەی بازرگانان گرەو لەسەر دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا بکەن.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەوە بووەتە هۆکار، دابەزینی نرخی زێڕ سنوورداربێت و هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، سەرەڕای دابەزینی گەورەی دوو رۆژی رابردوو.
 
%100ی بازرگانان پێیانوایە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکەکە بڕیار دەدات سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25%ی دیکە دابەزێنێت.
 
دابەزینی زیاتری سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.