وەزارەتی دارایی: هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت

02-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رۆژی هەینی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت، هەروەها بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش بکرێت.
 
وەزارەتەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2-10-2024) رایگەیاند "دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق راگیرابوون، لە هەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت."
 
شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی راگەیێندراوەکە "بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب راگیرابوون، لە شاری بەغدان."
 
شاندەکە پێکهاتوون لە: رێباز عەباس، راوێژکاری وەزارەت، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری، بە هاوکاریی فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بەپێی وەزارەتی دارایی "لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون، کە ئەمانەن:
                                  
1- دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بڕی 598 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.      
 
2 - لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە رۆژی هەینی (4-10-2024) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لەماوەی چەند رۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت.       
 
3- روونکردنەوە و زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جیاواز راگیرابوون، بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی، پێشکەشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا و، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن.  
 
4- دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب راگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەهەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە