بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئێران و نایجیریا، خستنەڕووی ئۆپێک زیادیکردووە

02-10-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا خستنەڕووی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە بۆ دوو مانگ بەدوای یەکدا زیاتر بووە؛ هۆکارەکەش بۆ زیادبوونی بەرهەمی ئێران و نایجیریا دەگەڕێتەوە.
 
بەگوێرەی داتا بڵاوکراوەکان، مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئۆپێک رۆژانە 27 ملیۆن و 730 هەزار بەرمیل نەوتی خستووەتەڕوو؛ کە 120 هەزار بەرمیل زیاتر بووە لە مانگی ئابی ئەمساڵ؛ هۆکاری بەرزبوونەوەکەش بۆ بەرهەمی ئێران و نایجیریا دەگەڕێتەوە؛ ئەوە سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
 
لە 2018دا ئەمریکا تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایە و سەرجەم سزا سڕکراوەکانی لەسەر ئێران سەپاندەوە؛ لەو کاتەوە بەرهەم و هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە دابەزی، بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، ئێران توانی خۆی لەو سزایانە بدزێتەوە بە جۆرێك لە مانگی ئاب و ئەیلوولی ئەم ساڵ رۆژانە 3 ملیۆن و 150 هەزار بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
 
نایجیریاش لەو دوو مانگەدا رۆژانە 110 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتری بەرهەمهێناوە و گەیاندوویەتییە ملیۆنێک و 670 هەزار بەرمیل.
 
بەرزبوونەوەی بەرهەمی نەوتی ئەو دوو وڵاتە هاوکات بووە لەگەڵ پابەندبوونی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ئۆپێک بە رێککەوتنیان لەگەڵ 10 وڵاتە بەرهەمهێنەرەکەی دەرەوەی ئۆپێک، کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراون و تێیدا بەگوێرەی رێککەوتنەکە رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر دەخرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە.
 
سعودیە، کە بە گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی جیهان دادەنرێت، بەرهەمی رۆژانەی خۆبەخشانە لە 10 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 9 ملیۆن بەرمیل دابەزاند.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە