وەزیری وزەی تورکیا: دەست بە کاراکردنەوەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، هێڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ئامادەیە و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەست بە کار و چالاکی دەکاتەوە.

 

بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتی نەوت لە ئەبوزەبی تیشکی خستە سەر کێشەی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە. 
 
وەزیری وزەی تورکیا گوتی، " لە ئەمڕۆوە هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بۆ کارکردن ئامادەیە و لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە کاراکردنەوەی دەکەین، دوای دەستکردنەوە بە چالاکییەکە. ئەو بۆرییە توانای ئەوەی هەیە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان بگوازێتەوە." 
 
رۆژی 12ـی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی ناتۆ لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە، رایگەیاند، تورکیا لەو بارەوە کێشەی نییە و "هەنگاویشمان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هێڵی بۆرییە نەوتییەکان بکرێنەوە."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەبارەی وەرگرتنی نەوتی عێراق هیچ کێشەیەکمان نییە. ئەو کێشەیەی روویداوە لە ناوخۆی عێراق لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی باکووری عێراقدایە."
 
رۆژی 24ـی ئابی 2023، ئاڵپئارسڵان بایراکتار بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی هاکان فیدان،  وەزیری دەرەوە، بایراکتار لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەی خۆی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە هەولێرین بۆ گفتوگۆکردنی هاوئاهەنگییەکانمان؛ پرسە هەنووکەییەکان و دوایین پێشهاتەکان لە بواری وزە." 
 
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "باسمان له‌ پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگێكی تایبەت بەم بابەتە كرد." 
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا نووسیبووی، "ئامانجمانە لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردی عێراق لە نەوتەوە تا گازی سرووشتی و هەموو بوارەکانی دیکەی وزە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکەین کە دەبنە هۆی دابینکردنی پێداویستییەکانمان لە ئاسایشی وزە و هەموو بوارەکانی دیکە وزەدا." 
 
رۆژی 22ـی ئابی 2023، حەیان عەبدولغەنی، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە، "گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە." 
 
لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.
 
رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2023، حکومەتی تورکیا لە دادگەی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا سکاڵای لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار کرد.