نرخی نەوت بۆ سەرووی 92 دۆلار بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

02-10-2023
نیشانەکردن نرخی زێڕ نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە و هەندێ لە زیانەکانی رۆژی هەینی قەرەبوو کردەوە، هەروەها نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1842 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-10-2023) بە بڕی 18 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 92 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە بڕی 23 سەنت بەرزبووەوە و، بە 91 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 30٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، هۆکاری سەرەکیش کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتە لەلایەن رووسیا و سعودیە بەبڕی 1.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
 
بەپێی چەندین سەرچاوە لە رێخکراوی ئۆپێک، بە ئەگەری زۆرەوە بەرهەمهێنەرانی نەوت درێژە بە سیاسەتی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت دەدەن لە کۆبوونەوەی مانگانەیاندا، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بکرێت.
 
هیرۆکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای نیسان سکیۆریتی لەو باریەوە رایگەیاند "نرخی نەوت سەرەتای مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەی بە بەهێزی دەستپێکرد. خستنەڕووی کەمی نەوت، بە جێگیری مانەوە سیاسەتەکانی ئۆپێک پڵەس و پارەدارکردنی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن کۆنگریس، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن."
 
ئەگەر هەیە نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی 1900 دۆلار
 
لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1842 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی نرخی زێڕ سەرەڕای ئەوە دێت کە چالاکیی کارگەکانی چین بەپێی نووسینگەی ئاماری ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلوولدا زیادبوون.
 
بەرزبوونەوەی چالاکیی ئابووری و بووژانەوەی ئابووریی چین کاریگەریی ئەرێنی دەکاتە سەر نرخی زێڕ، بەڵام ئەمجارە تەنانەت ئەوەش نەبووەتە هۆکار بۆ رێگریکردن لە دابەزینی نرخەکەی.
 
سەرەڕای ئەو نادڵنیاییانەی لە ئابووریی ئەمریکا سەریان هەڵداوە، بەڵام هەفتەی رابردوو بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رژدبوونی خۆیان لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دووپاتکردووەتەوە.
 
بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە، ئەگەرەکانی لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا لە مانگی داهاتوو زیادکردووە.
 
هەروەها نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و بەهای دۆلار، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش بەزۆری دابەزینی نرخی زێڕی لێکەوتووەتەوە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، نرخی زێڕ هێندە دابەزیوە، کە ئەگەری هەیە گەیشتبێتە کەمترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەیەکی کورتخایەندا و لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکرێت، نرخەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی 1880 دۆلار و ئەگەر ئەو ئاستەش تێپەڕێنێت دەگەڕێتەوە نزیکەی 1900 دۆلار.

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی

لە ساڵی 2025 فرۆشتنى دۆلار لە عێراق دەگۆڕدرێت

ساڵی 2025 بانکى ناوەندى فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەخات و دەیداتە دەست ژمارەیەک بانک، 'فرۆشتنى دۆلار خێرا و زۆرتر دەبێت'، بە گوتەى پسپۆڕێکى بانکى، پێشبینى دەکرێت ئەمە بەهاى دینار بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو بانکە ئەمساڵ 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە 93.3%ـی بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە و چووەتە دەرەوەى عێراقەوە.