ئەمریکا: لە رێگەی کۆمپانیای HKN ـەوە بەرهەمی نەوتیی هەرێمی کوردستان زیاد دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایدەگەیێنێت، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا باوەڕی تەواوی وایە کە ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیوەستە بە ئاسایشی عێراق و ئاسایشی عێراقیش پەیوەستە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە. دەشڵێت، لە رێگەی کۆمپانیای HKNـەوە، بەرهەمی نەوتیی هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن.
 
رۆبێرت پالادینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی لە رێوڕەسمێکدا گوتارێکی پێشکێشکرد، رایگەیاند، "ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژیش لێرە دەمێنینەوە."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو پالادینۆ باسی کرد، "پابەندە" بە هەرێمی کوردستان و عێراق و دەیانەوێ ئەم هەرێمە سەرکەوێت. گوتیشی "سەرۆک بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باوەڕی وایە کە ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیوەستە بە ئاسایشی عێراق، ئاسایشی عێراقیش پەیوەستە بە ئاسایشی ئەم هەرێمە مەزنەی کوردستان."
 
شارۆچکەی چەمانکێ خاوەنی کێڵگەی نەوتییە، کۆنسوڵی ئەمریکاش لەوێ باسی بەرەوپێشبردنی بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کرد، گوتی، "ئەمریکا پاڵپشتی دارایی کۆمپانیای HKN دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوتی لە هەرێمی کوردستان."
 
بەدوای کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکادا، نوێنەری کۆمپانیای HKN گوتارێکی پێشکێشکرد، رایگەیاند، "تاوەکو هاوینی داهاتوو بەرهەمی نەوتی لە کێڵگە نەوتییەکەی چەمانکێ لە 32 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دەگەیێنینە 55 هەزار بەرمیل نەوت."
 
مات زیز گوتی ئەو بڕە "دەکاتە [نزیکەی] 10٪ـی بەرهەمی نەوتی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت."
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 دا 158 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و هەشت ملیۆن بەرمیلیشی داوەتە پاڵاوگەکان بۆ ئەوەی بیکەنە سووتەمەنی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. هەروەها 98 هەزار بەرمیل نەوت کە بڕێکی کەمە فرۆشراوە بە پاڵاوگەکانی نەوت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەو نوێنەرەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە گوتی "بەشانازییەوە"  قەبارەی وەبەرهێانی کۆمپانیاکەیان لە 2007ـەوە چوار ملیار دۆلار بووە. پێشبینیشی کرد قەبارەی وەبەرهێنانیان لە ساڵیکدا بگاتە 1 ملیار دۆلار.
 
بەگوتەی مات زیز، کۆمپانیای HKN تاوەکو 2021  توانیویانە 7٪ـی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن. هاوکات بەهۆی کارکردنی کۆمپانیاکەیان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیاکەیان 11 هەزار دەرفەتی کاریان لە هەر ساڵێکدا رەخساندووە، ئامادەیشی نیشاندا 2200 کەس لە رێگەی کۆمپانیاکەیان دابمەزرێنن.
 
رۆبەرت پالادینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا ستایشی کارەکانی کۆمپانیای HKNـی کرد کە رۆڵیان هەبووە لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و رێگەوبان رایگەیاند، "من ئاگادارم کە HKN لە شوێنەکانی دیکەش چالاکە، کار لەسەر باشترکردنی ژێرخان دەکات، رێگەکان بونیاد دەنێتەوە، بەڕاستی خزمەتی زۆری دهۆکیان کردووە."
 
پالادینۆ گوتی "ئەمریکا باوەڕی بەهێزی وایە کە ئەمە کەرتی تایبەتە کە مەکینەی راستەقینەی گەشەیە، 450 دەرفەتی کار راستەوخۆ بۆ ئێرە لەلایەن HKN ەوە رەخسێندراون، 2200 دەرفەتی کار ناڕاستەوخۆ رەخسێندراون، ئەمە شتێکی زۆر ناوازەیە، ئەمە رێک ئەو کارەیە کە هاوبەشی فەراهەمی دەکات."
 
‌HKN کۆمپانیایەکی سەربەخۆی کەرتی وزەیە بنکەکەی لە داڵاسی تێکساس و هەولێرە، یەکێکە لە "چالاکترین" کۆمپانیاکانی ئەمریکا کە لە سنووری سەرسەنگ لەسەر رووبەری 420 کیلۆمەتر دووجا کار لەسەر زیادکردنی بەرهەمی نەوتی دەکات و هەردوو کێڵگەی سوارەتووکە و سوارەتووکەی رۆژهەڵات لەخۆدەگرێت.