لە رێگەی کارتی زیرەکی مووچەوە، مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆدی بێ هاوتا بۆ فەرمانبەران دروست دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی کارتی زیرەکی مووچەوە مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 یە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەش لەکاتیکدا بەڕیوەدەچێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەیە کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران دروستبکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لەرێگەی ئامێرەکانی ATM وە مووچەکانیان وەرگرن. 
 
دابەشکردنی مووچە لەرێگەی کارتی بانکییەوە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا قەرەباڵخی دروستنەبێت. یان لەو وەزارەتانەی کە هێشتا فەرمانبەران بە دەست مووچەکانیان پێدەدرێت پشێوی دروستنەبێت. 
 
فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی كۆدی بێ هاوتا بۆ فەرمانبەران دروستدەکرێت.
 
وەكوو هەنگاوی یەكەمیش، نزیكەی نیو ملیۆن هەژماری كەسیی بێ هاوتا بۆ فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی دروستكراوە. بڕیارە لەداهاتووشدا مووچەخۆران لە مۆبایلەكەی خۆیان ئاگایان لە گۆڕانكارییەكانی مووچەی خۆیان بێ. 
 
هیوا ئەفەندی بەرپرسی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە کارتی بانکیدا چالاک بکەین".