سوودانی لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیی گفتوگۆی وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ

بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گاز بەڕێوەچوو و تێیدا سوودانی بڕیاری دا؛ لیژنەیەکی وەزاری پێکبهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ (چوارشەممە 02-08-2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد لەبارەی تاوتوێکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، ئەوەش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی فراکسیۆنە سیاسییەکان، وەزیرانی دەرەوە، نەوت، پیشەسازی، راوێژکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک راوێژکار و شارەزای تەکنیکی و یاسایی.
 
 لە کۆبوونەوەکەدا دوایین رەشنووسی پرۆژەیاساکە بە وردەکاری و بەندەکانییەوە خراوەتەڕوو کە لیژنەکانی تەکنیکی و یاسایی کاریان لەسەر کردووە، هەر وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کار دەکەن بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی کۆتایی یاساکە بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندبکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت، تاوەکو لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا پەسند بکرێت و بکرێتە یاسا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی گوتی، "پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە یاسا گرنگ و سەرەکیییەکانە و فاکتەری هێزی یەکێتیی عێراقە و ساڵانێکە هەڵپەسێردراوە، لە کاتێکدا ئێستا وڵات زۆر پێویستی بە دەرکردنی یاساکەیە. ئەمە وێڕای ئەوەی یاساکە زۆر کێشەی هەڵپەسێردراو چارەسەر دەکات".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "یاساکە بەشێکە لە پابەندبوونی بەرنامەی وەزاری کە پەرلەمان دەنگی پێداوە بە رەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان کە سامانی نەوتی بەشێوەیەک دادپەرەوەر فەراهەم بکات، دۆخی ئابووری لە هەموو جومگەکان ببووژێنێتەوە و رۆڵی هەبێت لە چاکسازیی ئابووریی کە حکومەت لە پێشەنگی کارەکانی دایناوە."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی بڕیاریدا لیژنەیەکی وەزاری پێکبهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنییکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەک داوای لە پارێزگاری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت کرد بەشداری ئەو گفتوگۆ تەکنیکییانە بن تایبەت بەو یاسایە.