گەشتیارانی باشووری کوردستان روو لە باکوور ناکەن

رووداو- هەولێر

ژمارەی گەشتیاران لە باشووری کوردستانەوە بۆ وڵاتی تورکیا روو لە زیادبوون دەکات، زۆربەی گەشتیارانیش سەردانی باکووری کوردستان ناکەن، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەڵێت، زۆربەی گەشتیاران روو لە شارەکانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئەنتالیا دەکەن و سەدا دەیان دەچنە باکووری کوردستان، بەشێک لە گەشتیاران هۆکارەکەی بۆ گرنگی نەدان بە ناوچە گەشتیاری و مێژووییەکانی باکووری کوردستان دەگێڕنەوە و پێیانوایە میدیا کوردی و تورکییەکان کەمتەرخەمن لە ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی.

بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە شاری هەولێر، کە رۆژانە نزیکەی 300 گەشتیار بەهۆیەوە گەشت دەکەن بۆ تورکیا، داتاکانی تایبەت بە گەشتکردنی کۆمپانیاکەی لەلایە و باسی سەردانی گەشتیارانی باشووری کوردستان دەکات بۆ تورکیا و باکووری کوردستان.

گەشتی گەشتیارانی باشووری کوردستان بۆ تورکیا و نەچوونیان بۆ باکووری کوردستان تەنیا پەیوەندی بە رێژە و ژمارەی گەشتیارانەوە نییە بۆ شارە تورکییەکان، بەڵکو خەرجی ئەو گەشتیارانەش بۆ هاووڵاتییانی تورکیا دەڕوات و هاونیشتمانییانی کورد لە باکووری کوردستان لێی سوودمەندنابن.