رووداو دیجیتاڵ
دەستەى وەبەرهێنانى عێراق یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنانى دایە کۆمپانیایەکى فەرەنسی بۆ ئەوەى کارەبا لە رێگەى خۆرەوە بەرهەمبهێنێت.
مۆڵەتى ئەو گرێبەستە دراوەتە کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجى فەرەنسیى کە لە کێڵگەى نەوتى ئەرتاوى بەسرە هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت
تێچووی پرۆژەکە 820 ملیۆن دۆلارە، بەگوێرەی گرێبەستەکە دەبێت لە 36 مانگدا جێبەجێ بکرێت
ئەو پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵەکانى حکومەتى عێراقى بۆ فرە چەشنکردنى سەرچاوەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا. بڕیارە ساڵى 2025 قۆناخى یەکەمى پڕۆژەیەکى دیکە بۆ بەرهەمهێنانى کابەرا لەرێگەى پانێڵى وزەى خۆرەوە جێبەجێبکرێت کە بۆ ئەو قۆناخە 250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
بەگوێرەى ئامارێک کە زیاد عەلى فازڵ، وەزیرى کارەباى عێراق لە 24ى حوزەیران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیران خستیەڕوو، ئێستا 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا پێویستیان بە زیاتر لە 48 هەزار میگاواتە. بەراورد بە ساڵى رابردوو بەکارهێنان بووەتە دوو ئەوەندە و بەرهەمهێنان تەنیا چوار هەزار مێگاوات زیادیکردووە.
سەلام قەزاز، بریکارى پێشوى وەزارەتى کارەباى عێراق لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستی رووداوى عێراق رایگەیاند، تۆڕى گواستنەوەى کارەباى عێراق لە سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى عێراق بۆ 4625 مێگاوات کارەبا لەکاتێکدا ئێستا ئاستى بەکارهێنان بۆ زیاتر لە 100% بەرز بووەتەوە، بە گوتەى ئەو: "ئەو رێژەیە لە هیچ وڵاتێکدا نییە".
خەرجیى کەرتى وزە لە خشتەى بودجەى 2024 بووەتە 40.1 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە بودجەى 2023 خەرجییەکانى 34.4 تریلیۆن دینار بوو، بەو جۆرە خەرجییەکە 5.7 تریلیۆن دینار زیادی کردووە
زۆرترین زیادبوونى خەرجى بۆ وەزارەتى کارەبا بووە؛ ساڵى 2023 خەرجیى ئەو وەزارەتە 14.4 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام بۆ ساڵى 2024 گەیشتووەتە 18.7 تریلیۆن دینار، بەو جۆرە 4.3 تریلیۆن دینار زیادیکردووە،
سەلام قەزاز گوتى: "وەزارەتى نەوت پشتى وەزارەتى کارەباى شکاندووە سووتەمەنى بۆ دابین ناکات، بۆیە ناچارە هاوردەى بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ