مانگی رابردوو عێراق 7.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیادیکردووە، لە مانگی رابردوودا 7.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە، بەو جۆرەش چوارەمین وڵات بووە لەڕووی هەناردەکردنی نەوتەوە بۆ ئەمریکا.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا عێراق 7 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە کە بە تێکڕا رۆژانە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت.
بەگوێرەی ئامارەکە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەراورد بە مانگی ئایار زیادیکردووە؛ لە مانگی ئایاردا 6 ملیۆن و 634 هەزار بەرمیل هەناردەی ئەمریکا کراوە کە رۆژانە نزیکەی 214 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
هەناردەکردنی نەوتی عێراق مانگی رابردوو بەشێوەیەک بووە کە هەفتەی یەکەم رۆژانە 430 هەزار بەرمیل، هەفتەی دووەم 252 هەزار، هەفتەی سێیەم 102 هەزار و هەفتەی چوارەم 216 هەزار بەرمیل بووە.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، مانگی رابردوو عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتان بووە لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا، دوای هەریەک لە کەنەدا، مەکسیک و سعودیە.
سعودیە بە هەناردەکردنی 10 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەمدا بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی شەممە 01-07-2023 ئاماری سەرەتایی بڕ و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە کە 100 میلۆن و 59 هەزار و 52 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و داهاتەکەشی 7.115 ملیار دۆلار بووە.