عەبدولستار مەجید: دەستمان بە گلدانەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی عێراق کردووە

رووداو- هەولێر

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لایەنی ئێران دەڵێت گرتنەوەی ئاو پەیوەندی بە گشتپرسی و بابەتی سیاسییەوە نییە. دەشڵێت دەستیان بە گلدانەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە.

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، گوتی "لەبارەی ئاوەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێویستمان بە رێککەوتنێکی ستراتیژی هەیە".

لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێران و ئەگەری گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا، عەبدولستار مەجید گوتی "ئێران و تورکیا ماوەیەکە دەستیان بە دروستکرنی کۆمەڵێک بەنداو کردووە لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە سنووری هەرێمی کوردستان و عێراق. هەروەها بەنداو لەسەر ئەو ئاوە دروستکراوە، کە دەڕژێتە سووریا".

تۆڵەی خۆمان لە عێراق ناکەینەوە

وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد "وەکو تۆڵەسەندنەوە لە ئێران نامانەوێت ئاو لەسەر عێراق و هاووڵاتییانی عێراق بگرینەوە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەکە دەستمان بە گلدانەوەی کردوو و رێژەی بەردانەوەمان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمتر کردووەتەوە. لە رابردوودا 180 مەتری سێجای ئاومان لە بەنداوی دووکان لە چرکەیەک بەردەدایەوە، بەڵام ئێستا بۆ 50 مەتری سێجا لە چرکەیەک کەمکراوەتەوە".

لەبارەی ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبەرامبەر گرتنەوەی ئاودا ئابڵوقە دەخاتە سەر کاڵای ئێرانی، عەبدولستار مەجید گوتی"لایەنی ئێران دەڵێن هەندێک بەنداویان دروستکردنی بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و پەیوەندی بە گشتپرسی و بابەتی سیاسییەوە نییە و ئاوەکە بەردەدەینەوە، بەڵام من پێموایە گرتنەوەی ئاوەکە لەم وەرزەدا گونجاو نییە. باوەڕیش ناکەم ئێران ئەو بەرژوەندییە ئابوورییەی لە ناوچەکە هەیەتی، بیکاتە قوربانی چۆڕێک ئاو".

 20 بەنداو لەسەر ئەو ئاوانە دروستکراوە کە دەڕژێنە کوردستان
 
سەبارەت بە بەنداوەکانی ئێران، عەبدولستار مەجید، گوتی"زیاتر لە 20 بەنداو لەسەر ئەو ئاوانە دروستکراوە کە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان. هەندێک بەنداوەکان ئێستا لە تەواوبووندان و هەندێکی دیکەشیان کاری تێدا دەکەن".

وەزیری کشتوکاڵ گوتیشی" لە ئێران 11 بەنداو لەسەر زێی بچووک دروست دەکرێن و نۆ لە بەنداوەکانی ئێران لەسەر رووباری سیروان و لقەکانیەتی کە لە سیروان دەکرێنەوە و بەنداوی دەربەندیخان پێکدەهێنن. ئەو بەنداوانەی لە ئێران دروست دەکرێن زیاتر لە میلیارێک مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە لەو ئاوانەی کە دێنە هەرێمی کوردستانەوە."

وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت "گلدانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە زیانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. لەبارەی زیانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ، بەشێکی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی هەیە تاوەکو دەگاتە کەرکووک و خوارووی کەرکووک سوود لەم ئاوانە دەبینن".

عەبدولستار مەجید دەڵێت، ئاوی رووباری زێی بچووک زیاتر لە 60%ی ئاوی دووکان دابیندەکات. گرتنەوەی ئاوەکە ئەگەر ئەمساڵ کاریگەری سەرەکی بەنداوی دووکان نەبێت لەکاتی گرتنەوەی ئاوەکە و بەرنەدانەوەی بەپێی پێویست لە ساڵی 2018 کاریگەری یەکجار زۆری لەسەر بەنداوی دوکان دەبێت.

بەنداوەکانی تورکیا

سەبارەت بە بەنداوەکانی تورکیا لەسەر ئەو ئاوانەی دەڕژێنە هەرێمی کوردستانەوە، عەبدولستار مەجید گوتی: "تورکیا لەسەر ئەو ئاوانە دەڕژێنە عێراق و سووریا لە پرۆژەی گاپدا 22 بەنداوی دروستکردووە. بەنداوەکانی تورکیا ئێستا کەمتر زیانیان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. لە خوارووی دهۆک هەندێک پرۆژەی ئاودێری پێویستیان بەو ئاوە هەیە لە تورکیاوە دێت، بەنداوەکانی تورکیا زیانی لەکاتێکدا تەواو بکرێن و هەموو ئاوەکە بگرنەوە".

"لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداوی ئاو هەن"

سەبارەت بە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگرتن بە ئاوەوە، عەبدولستار مەجید گوتی: "بە بەنداوی دووکان و دەربەندیخانەوە لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداومان هەن. دەبێت خۆمان پشت بەخۆمان ببەستین. زیاترینی ئاوەکان لە هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە ئایندەدا زەرەرمەندی گەورە لە گرتنەوەی ئاوەکە عێراق دەبێت. چونکە ئاوەکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەچێت. بۆیە پێویستە عێراقیش بێتە سەر خەت".

داڕشتنەوە: حەکیم داود