دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە عێراق دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دەستپێکرد. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت: "بڕیارە پێش جەژنی قوربان، مووچەی مانگی حوزەیرانی کارمەندان دابەش بکرێت". 

وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-06-2024، رایگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتەکەیان دەستی بە پارەدارکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی حوزەیران کردووە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: "رێکارەکانی ناردنی مووچە لەلایەن دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی لە رێگەی هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید دەخرێتە سەر کارتەکانی تایبەت بە خانەنشینان".
 
وەزارەتەکە خانەنشینانی ئاگادارکردووەتەوە کە لەگەڵ گەیشتنی نامە بۆ مۆبایلەکانیان، دەتوانن مووچەکەیان وەربگرن.
 
دەستەی نیشتمانیی خانەنشینیش بڵاویکردەوە، مووچەی خانەنشینیان بەپێی پلەبەندی بۆ خانەنیشینان زیادکردووە.
 
محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت: "بڕیارە پێش جەژنی قوربان، سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق مووچەکانیان وەربگرن". 
 
نزیکەی چوار ملیۆن خانەنشین لە عێراقدا هەن. مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 کە لە پەرلەمانی عێراقە زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار دەبێت. 
 
رۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و لەنێویاندا زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە و بڕیارەکە لە تشرینی دووەمی ئەو ساڵەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەهۆی نەناردنی پارەوە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، سەرباری ئەوەی هێشتا مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانیش دابەشنەکراوە.