گوتەبێژی کشتوکاڵی عێراق: هەرێمی کوردستان داوای وەرگرتنی 100٪ـی گەنمەکەی دەکات

02-06-2024
نەهرۆ محەممەد
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردسان داوادەکات 100% رێژەی وەرگرتنی گەنمەکەی زیاد بکرێ، لەکاتێکدا زیادەی گەنمی ئەم ساڵ لە عێراق 25% تێناپەڕێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 02-06-2024 محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگاتە نزیکەی 6 ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم."
 
لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، وەکو خوزاعی باسی دەکات، "کێشەی گەورە" لە رادەستکردنی گەنم نەبووە. لە هەرێمی کوردستان دروێنە دەستیپێکردووە، بەڵام پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە هێشتا دەستی پێنەکردووە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دانی بەوەدانا پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوتووە، گوتی: "بەرهەمی گەنمی ساڵی رابردووی عێراق، 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن بوو، زیادەی ئەم ساڵیش ملیۆنێک و 200 بۆ 300 هەزار تۆنە، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق لە باکوور تاوەکو باشوور زیادەکە 20 بۆ 25٪ دەبێت."
 
ئێستا هەرێمی کوردستان داوا دەکات 100٪ بەشی وەرگرتنی گەنمی بۆ زیاد بکرێ، ئەو گوتەبێژە دەڵێت، "ئەوەش لەسەر حیسابی پارێزگاکانی دیکە دەبێ. لەکاتێکدا ئەو زیادەیە پێویستە نزیک بێ لە رێژەی زیادەی پارێزگاکانی دیکە و پارەی وەرگرتنی گەنمیش دیاریکراوە."
 
بەپێی داتاکانی کشتوکاڵی عێراق، زیادەی گەنمی ئەم ساڵ لە 15 پارێزگای عێراق 800 هەزار تۆن تێناپەڕێ، گوتەبێژەکە دەپرسێ، "چۆن دەکرێ زیادەی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان ملیۆنێک تۆن بێت؟"
 
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، پێراریش نزیکەی 300 هەزار تۆن. 
 
محەممەد خوزاعی دەڵێت: "ئەو ژمارەی ئەم ساڵ هەرێمی کوردستان پێشکێشیکردووە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن تێدەپەڕێنێت، وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و دارایی عێراق ئەو پارە زیادە لەکوێ پارەداربکەن و دابین بکەن؟"
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق چەند پێشنیازێکی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە لەوانە وەرگرتنی رێژەی زیادەی 15 پارێزگای عێراق بکرێتە پێوەر بۆ وەرگرتنی گەنمی زیادەی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.
 
محەممەد خوزاعی دەڵێت: "پێشنیازێکی دیکە ئەوەبوو کۆی گشتیی بەرهەمی 10 ساڵی رابردوو هەژمار بکرێ، دواتر زیادەکە هەژمار بکرێ و لێکدانەوەی بۆ بکرێت لەسەر ئەو بنەمایە زیادەی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێ، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو پێشنیازەشی رەتکردووەتەوە."
 
زیاتر لە کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیرانی کشتوکاڵی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کراوە و نەگەیشتوونەتە رێکنکەوتن، بۆیە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانیان کرد. سەرۆکوەزیرانیش قسەی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کرد بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە.
 
وەکو خوزاعی باسی دەکات، "وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی بۆچوونی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران بەرزکردووەتەوە، چاوەڕێی پەسندکردن و پێشنیازی نوێ لە سەرۆکوەزیرانەوە دەکەین."
 
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنم بە گەنم چێندراوە؛ پێشبینی دەکرێت بڕشتەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 30ـی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ رێککەوتن لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتن نەکراوە." 
 
هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕشتی گەنمەکە بێت و بۆ بڕشتی هەر دۆنمێک کە (غیلە)ـی پێدەڵێن، 600 کیلۆ دابنرێت، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە بکرێت، دەبێت زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.
 
گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. هیوا عەلی دەڵێت: "عێراق دەڵێت، '605 هەزار تۆن وەردەگرین،' ئێمەش هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە زیاتر لە ملیۆنێک تۆن وەربگرن."
 
بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەم مانگەدا سێ جار سەردانی بەغدایان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا کرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی لەو بڕەی دیاریی کردووە، زیاتر وەرنەگرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جێگری بەڵینیان داوە بێنە سەر هێڵ و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ بکەن، بە ئامانجی وەرگرتنی گەنمی زیاتری جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 10 سایلۆ لە هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم و تەنیا چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە