رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە عێراق بابەتی بودجە بووەتە ''موزایدە''ـی سیاسی؛ پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ''تاوەکو ئێستا دیار نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی فیعلی دەرهێنراوە یان نا.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە 02-06-2024) هەریەک لە د. سامی ئەترووشی، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، د. فازڵ نەبی، شارەزای ئابووری، شێروان میرزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و هێمن بابان، ئیدیتۆر لە دیسکی عێراقیی رووداو، میوانی مێزی بودجەی تۆڕی میدیایی رووداو بوون، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، تێیدا تاوتوێی خشتەی بودجەی 2024 کرا.
بڕیارە سبەی (دووشەممە) پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ بە خشتەى بودجە و خشتەکانی هاوپێچکراو بدات. د. سامی ئەترووشی پێشبینی دەکات دانیشتنەکە بکرێت، بەڵام پێشبینی ناکات سبەی کارەکانی خشتەی نوێی بودجە تەواو بکرێن.
کۆبوونەوەکە بۆ هەمواری یاسای بودجە نییە و دەقەکان دەستکاری ناکرێن، تەنیا چەند خشتەیەک کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردووە، بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 77 لە یاسای بودجەی گشتی دەنگیان لەسەر دەدات.
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 77ـی یاسای بودجەدا هاتووە، بڕیارەکانی ئەم یاسایە بۆ هەر سێ ساڵی 2023-2024-2025 جێبەجێ دەکرێن، بەڵام لە بڕگەی دووەمیدا هاتووە بۆ هەر دوو ساڵی 2024 و 2025 دەبێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتەکانی بودجە بنێرێتەوە پەرلەمان بۆ ئەوەی دووبارە دەنگیان لەسەر بدرێت.
شێروان میرزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ''کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان نە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیە، نە پەسندکردنی پڕۆژەیاسا و نە دەستکاریکردنی دەقەکانە، بەڵکو تەنیا دەنگدانە لەسەر خشتەی نوێی بودجە.''
کۆبوونەوەی دووشەممەی پەرلەمان لەکاتێکدایە، نزیک دەبینەوە لە نیوەی ساڵ و هێشتا لە پەرلەمان دەنگ لەسەر خشتەی نوێی بودجە نەدراوە. هێمن بابان، ئیدیتۆر لە دیسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "گەنگەشەیەکی زۆر لای پەرلەمانتاران دروستبووە، کە ئایا ئەمە پڕۆژەیاسایە یان تەنیا خشتەی نوێی بودجەیە نێردراوەتە پەرلەمان، چونکە داهات و خەرجییەکان زۆر جیاوازن لە ساڵی رابردوو، پێیانوایە رەنگە پێویست بەوە بکات دەستکاریی کرۆکی مادەکانیش بکرێت.''
کۆی گشتیی بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە. کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستان بە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار دانراوە. ئەم ژمارانەش جیاوازن لە خشتەی بودجەی ساڵی رابردوو.
بەپێی مادەی 77ـی یاسای بودجەی ساڵی 2023، حکومەت دەبووایە بەر لە کۆتایی ساڵ، واتا 31-12-2023 خشتەی نوێی بودجەی بۆ پەرلەمان ناردبا، هێمن بابان دەڵێت ''دواخستنی ناردنی ئەم خشتەیە، کەمتەرخەمیی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانییە.''
بەڵام د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە هۆکاری دواخستنەکە پتر سیاسییە و دەڵێت "هەموو کات بودجە لایەنی سیاسی هەیە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی لە عێراق باوە، لە عێراق بودجە بووەتە موزایەدەی سیاسی.''
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی ناردنی خشتەی بودجە، ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بووە'' پێیوایە، ''بەغدا لەسەر بابەتەکە [بودجە] بەرامبەر بە کوردستان نیازی پاک نییە.''
بەپێی گۆڕانکارییەکانی خشتەی بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان وەکو ژمارە زیاتر لە چوار تریلیۆن زیادیکردووە. بەگوتەی فازڵ نەبی ''ئەم گۆڕانکارییانە هیچ نیازێکی پاکیان تێدا نییە، راستە بڕە پارەیەکی باشیان بۆ هەرێمی کوردستان زیاد کردووە، بەڵام لەنێوان لایەنە سیاسییەکان [لە بەغدا] شەڕە کە بۆچی دەبێت چوار تریلیۆن و نیو بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.''
بە گوتەی فازڵ نەبی، شیعە و سوننەکانی پەرلەمانی عێراق کێشەیان لەگەڵ ئەو 13 تریلیۆن دینارە هەیە کە لە بودجەی گشتی زیادکراوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لە خشتەی نوێی بودجەدا، پشکی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کەمکراونەتەوە و خراوەتە سەر بودجەی هەندێک لە وەزارەتەکان. فازڵ نەبی پێیوایە، ئەمەش بووەتە هۆکارێکی دیکەی ناڕازیبوونی پەرلەمانتاران.
بەپێی خشتەی نوێی بودجە کە بۆ پەرلەمان نێردراوە، پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 12.67٪ـی بودجەی گشتیی عێراقە، بەڵام د. سامی ئەترووشی، پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت ''تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بە تەواوی پشکی بودجەی دیاریکراوی وەرنەگرتووە، چونکە هەموو ساڵێک بودجەی سیادی زیاد دەکات و لە پشکی هەرێمی کوردستانیش دەبڕدرێت.''
بەگوێرەی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق؛ پرسی مووچە بەتەواوی لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، ئەگەر نەوتیش هەناردە نەکرێتەوە، حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان راناگرێت، بەڵام کۆی داهاتی نێوخۆی لێدەردەکرێت.
شێروان میرزا دەڵێت، بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵیش، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن کرا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە، بۆ ئەوەی لە خەرجیی فیعلی دەربهێنرێت، ''بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە مەسەلەی مووچە لە خەرجیی فیعلی دەرهێنراوە یان تەنیا ژمارەکەی دەستکاری کراوە و تەواو.''
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر لە خشتەی نوێدا تەنیا ژمارەکان دەستکاری کرابن و دەقی یاسای بودجە دەستکاری نەکرابێت، هەموو کەس دەتوانێت ژمارەکە [مووچە] دەستکاری بکاتەوە، ئەمە [دەقی] یاساکەیە کە دەکرێت وەکو بەڵگەیەک بەکاری بهێنیت و پەنا ببەیتە بەر دادگەی فیدراڵی.''
شێروان میرزا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، ''دەبێت هاوتەریب لەگەڵ بڕیاری دادگەی فیدراڵی بێت، بۆ ئەوەی ببنە بەڵگەیەکی یاسایی بەهێز، بۆ گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.''
هێمن بابان باسی لەوە کرد ئێستا بەپێی خشتەی نوێی بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو جیا کراوەتەوە لە بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان کراوەتە دوو بەش، کە نزیکەی 11 تریلیۆن و 500 ملیار دیناری بۆ مووچەیە، ''ئەمە وادەکات مانگانە نزیکەی 965 ملیار دینار کە بۆ مووچە پێویستە، بە تەواوی گەرەنتی بکرێت، ئەمەم لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بیستووە.''
بەگوتەی فازڵ نەبیش، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە خەرجیی فیعلی چووەتە دەرەوە و دەڵێت "لە کاتی دەنگداندا، پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە لەگەڵ ئەم بابەتە کێشەیان نییە، چونکە بڕیاری دادگەی فیدراڵییە.''
لە پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەی بودجەی 2024ـدا، 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن و 5 هەزار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە؛ پێویستیی خزمەتگوزاری 2 تریلیۆن و 126 ملیار و 891 ملیۆن و 643 هەزار دینار؛ پێویستیی کاڵاکان 539 ملیار و 205 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و نۆژەن و چاککردنەوەکانیش 255 ملیار دینار و 914 ملیۆن و 500 هەزار دینار دانراوە.
هەروەها بۆ بەخشین، هاوکاری و خەرجییەکانی دیکە 341 ملیار و 690 ملیۆن و 400 هەزار دینار؛ بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان 2 تریلیۆن و 20 ملیار و 173 ملیۆن و 330 هەزار دینار؛ کۆی گشتیی بودجەی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 هەزار دینار؛ لە قەرزەکانیش یەک تریلیۆن و 116 ملیار دینار؛ بۆ وەبەرهێنانیش 4 تریلیۆن دینار و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ