رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نرخی خۆراک لە جیهاندا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی دوو ساڵدا دابەزیوە، بەڵام نرخی شەکر بەرزبووەتەوە.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە فاو ناسراوە، رۆژی هەینی، 02-06-2023، بڵاویکردەوە، پێنوێنیی نرخی خۆراک لە مانگی ئایاردا 124.3 بووە، لەکاتێکدا لە مانگی نیساندا 217.7 خاڵ بووە. بەپێی ئامارەکەی فاو، ئەوە نزمترین نرخی خۆراکە لە نیسانی ساڵی 2021ـەوە تۆمارکرابێت.
بەپێی ئاماری ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی رابردوودا بەراورد بە مانگی نیسان، نرخی دانەوێڵە نزیکەی %5 دابەزیوە؛ هۆکاری سەرەکییش درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە بووە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
فاو دەشڵێت، هەر لە مانگی ئایاردا و بەراورد بە مانگی نیسان، نرخی سەوزە نزیکەی 9% و نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکانیش %3 دابەزیوە.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی نەگونجاویی کەشوهەواوە، لە مانگی ئایاردا و بۆ چوارەمین مانگ لەسەریەک، نرخی شەکر 5.5% بەرزبووەتەوە. گوتیشی، بەڵام باشتربوونی کەشوهەوا لە بەرازیل کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری شەکر و دابەزینی نرخی نەوتی خاو، رێگربوون لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی شەکر.
رێکخراوی فاو لە راپۆرتێکی دیکەدا باس لەوەدەکات، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ دانەوێڵە لە جیهاندا بگاتە 2 ملیار و 813 ملیۆن تۆن، بەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 1% زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ