لیرەی توركی لەنێوان سیاسەت و ئابووریدا

دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەشێوەیەكی خێرا بووەتە باسوخواسی خەڵكی توركیا و مانشێتی رۆژنامە توركی و بیانییەكان. پرسیاری خەڵك و زۆربەی وەبەرهێنەران ئەوەیە بۆچی لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا لیرەی توركی بەهاكەی بەو شێوەیە دانەبەزیوە و لەوەتەی پارتی دادوگەشەپێدان لە دەسەڵاتە، ئابووریی توركیا زۆرترین گەشەی كردووە؟

ئایا دابەزینی بەهای لیرە پەیوەندی بە خراپبوونی رەوشی ئابووریی توركیاوە هەیە، یان ئەمەش پیلانێكە بۆ سەرەولێژكردنەوەی دەسەڵاتی ئاكپارتی؟ 

هۆیەكەی چییە، ئایا ژێرخانی ئابووریی توركیا و سیستمە ئابوورییەكەی توانای بەرگەگرتنی نەماوە؟

كۆمەڵێك فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكیی ئابووری و سیاسی بوونەتە هۆكاری دابەزینی بەهای لیرە.

بەرزیی رێژەی هەڵاوسان بە یەكێك لەو فاكتەرە ئابوورییانە دادەنرێت كە بەهای لیرەی توركی دابەزاندووە. بەپێی ئامارەكان رێژەی هەڵاوسان لە توركیا لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە 10.85٪ ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی سوودی بانكی لەو وڵاتە لەڕێژەی هەڵاوسان نزمترە، هەربۆیە هاووڵاتییەكی ئاسایی یان وەبەرهێنەرێك كاتێك پارەكانی لە بانكدا دادەنێت، لەبری ئەوەی بەو سوودەی كە وەریدەگرێت پارەكەی زیاد بكات، بەپێچەوانەوە كەمی دەكرد، چونكە دابەزینی بەهای پارەكەی زیاتر دەبێت لەو رێژە سوودەی كە وەریدەگرێ، ئەمەش بانكی ناوەندیی توركیای ناچار كرد لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاری بەرزكردنەوەی رێژەی سوود بدات بەبڕی 300 خاڵی سەرەكی، تا بەرزكردنەوەی سوودی بانكی بتوانێت پارەیەكی زیاتر بۆ بانكەكان رابكێشێ و بەمشێوەیەش رێژەی هەڵاوسان كەم بكاتەوە كە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای لیرە، بەڵام ئەم بڕیارەی بانكەكە تەنیا چەند كاژێرێكی كەم بەهای لیرەی بەرزكردەوە و دووبارە بەهاكەی دابەزی، بە جۆرێك یەك دۆلار گەیشتە ئاستی 4 لیرە و 81 قروش.

كورتهێنانی تەرازووی بازرگانیی توركیا یەكێكی دیكەیە لە فاكتەرەكانی دابەزینی بەهای لیرە. بەپێی ئامارەكان تەنیا لە سێ‌ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەرازووی بازرگانیی توركیا بە بەهای 16 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی هەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە سێ‌ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا كورتهێنانەكە تەنیا 8 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئەو كاڵایانەی توركیا هاوردەی كردوون زۆر لەو كاڵایانە زیاتر بووە كە هەناردەی كردوون.

بەشێكی دیكەی دابەزینی بەهای لیرە پەیوەندی بە میكانیزمی كاركردنی بازاڕە تازە گەشەكردووەكانەوە هەیە كە هەر لە سەرەتاوە شێوازی راكێشانی سەرمایەیان لەڕێگەی بانكەكانەوە شێوازێكی باش نەبوو.

لەساڵانی رابردوودا رێژەی سوودی بانكی لە ئەمریكا لە نێوان 0.15 – 0.25% بوو، بۆیە بەشێكی زۆر لە سندوقەكانی وەبەرهێنان لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو وەكو توركیا و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بەڕێژەیەكی سوودی كەم، قەرزیان لە بانكەكانی ئەمریكا دەكرد و وەبەرهێنانیان لە قەواڵە داراییەكانی توركیا دەكرد كە رێژەی سوودێكی بەرزی هەبوو، ئەمەش بە وەبەرهێنانێكی قازانجبەخش بۆ هەر یەكە لە وەبەرهێنەرەكان و حكومەتی توركیا دادەنرا، بەڵام لەدوای ئەوەی ترەمپ دەسەڵاتی گرتە دەست و رێژەی بێكاری بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ئەمریكا دابەزی و زۆرترین هەلی كار لە ئەمریكا دەستەبەر كرا، بانكی فیدراڵیی ئەمریكا بڕیاری راگرتنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی داو رێژەی سوودی بانكی بەرزكردەوە، تا وای لێهات لەمساڵدا رێژەی سوودی بانكی بەرزكرایەوە بۆ 1.75٪، بڕیاریشە هەر لەمساڵدا 3 جاری دیكە بانكی فیدراڵی رێژەی سوود بەرز بكاتەوە.

لەگەڵ بەرزكردنەوەی رێژەی سوود ئەو پارانەی كە لە رابردوودا وڵاتانێكی تازەگەشەكردووی وەكو توركیا قەرزیان كردبوو، تێچووەكەی بەرز بووەوە، واتا بڕی دانەوەی قەرزەكە زیادبوو لەسەر توركیا، ئەمە جگە لەوەی كێشە جیۆسیاسییەكانی ناوخۆی توركیا و كێشەكانی نێوان سەرۆككۆماری توركیا و بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە، متمانەی وەبەرهێنەری بە ئابووری توركیا كەمكردەوە، هەربۆیە لەگەڵ بەرزكردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە سەرمایەیەكی زۆر لە توركیا و وڵاتانی تازە گەشەكردوو دەچێتە ئەمریكا، بەم شێوەیەش توركیا دوو جار زیانی لێدەكەوێت، هەربۆیە گوشارەكانی سەر لیرە تادێت زیاتر دەبن.

ئەوەی جێی مەترسییە (credit default swap)ی سەر لیرەیە، واتا بڕی دڵنیاكردنەوە لەسەر قەرزەكان. بڕی ئەم دڵنیاكردنەوەیە گەیشتووەتە 275 خاڵی سەرەكی، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە لەلایەكەوە بازاڕەكانی توركیا هێزی راكێشانی پارەیان كەمبووەتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە تێچووی سەر قەرزەكانی توركیا بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەكان، توركیا 430 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی لەسەرە، 283 ملیار دۆلاری قەرزە دەرەكییەكانی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتە، لەوەتای ئاكپارتی دەسەڵاتی وەرگرتووە تا ساڵی 2018 ، بڕی قەرزە دەرەكییەكانی توركیا 130 ملیار دۆلار زیادی كردووە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە گەشەكردنی ئابووریی توركیا بەهۆی بەهێزیی ئاستی بەرهەمهێنان نەبوو، بەڵكو بەهۆی پاڵپشتیی ئەو قەرزە دەرەكییانە بوو كە ئێستا باری سەرشانی توركیای قورس كردووە و بووەتە هۆكاری دابەزینی بەهای لیرە.

بەشێكی زۆر لە ئاژانسەكانی وەكو فیتچ كە پلەبەندی ئابووریی وڵاتان دەستنیشان دەكەن، پێشبینی دەكەن ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكاندا دەربچێتەوە و جومگە سەرەكییەكانی ئابووریی توركیا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و كۆتایی بە سەربەخۆیی بانكی ناوەندی بهێنێ، رەوشی ئابووریی توركیا خراپتر دەبێت.

هەندێك لە شارەزایانی ئابووری هۆكاری دابەزینی بەهای لیرەی توركی دەگەڕێننەوە بۆ "پیلان"ێكی دوژمنانی توركیا كە نایانەوێت ئابووریی توركیا گەشە بكات و هەوڵ دەدەن كێشە لەناوخۆی توركیا دروستبكەن، بەڵام ئەمە تێڕوانینێكی هەڵەیە و تارادەیەك زیان بە ئابووریی توركیا دەگەیەنێت، چونكە وەبەرهێنەر ئەوكات هەست دەكات كە توركیا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دژایەتی دەكرێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری چوونە دەرەوەی سەرمایە لەو وڵاتە.

بەپێی راپرسییەك كە لە توركیا لەسەر هۆكاری دابەزینی بەهای لیرە كراوە، 40%ی خەڵكی پێیانوایە دابەزینی بەهای لیرە بۆ دەستێكی دەرەكی دەگەڕێتەوە، ئەم رێژەیە لە نێو لایەنگرانی ئاكپارتی گەیشتووەتە 58%.

 ئاژانسەكانی دەستنیشانكردنی پلەبەندی ئابووری كاریگەرییەكی بەهێزیان لەسەر دابەزینی بەهای لیرە هەبووە بەوپێیەی بەردەوام پلەبەندی ئابووریی توركیایان دابەزاندووە، ئەمەش ترسێكی لەلای وەبەرهێنەران دروستكردووە كە سەرمایەكانیان لە توركیا ببەنە دەرەوە.
سەرەڕای گەشەكردنی ئابووریی توركیا بەڕێژەی 7.4% لە ساڵی رابردوودا، بەڵام هێشتا هەندێ كێشەی هەیكەلی هەیە كە بەردەوام رووبەڕووی ئابووریی ئەو وڵاتە دەبنەوە، هەرچەندە حكومەتی ئەو وڵاتە بەردەوام هەوڵیداوە سەرچاوەكانی بەدەستهێنانی داهاتی زیاد بكات و بازاڕی نوێ بۆ ساخكردنەوەی كاڵاكانی بدۆزێتەوە و سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ خۆی رابكێشێ، بەڵام ئەوەی مایەی مەترسییە، بەپێی ئامارەكانی وەبەرهێنانی توركیا، سەرەڕٍای هەموو ئەو هەوڵانە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، بە هۆكاری سیاسی و ئابووری 18 هەزار ملیۆنێری بیانی توركیایان جێهێشتووە.

دژایەتی ئەردۆغان بۆ بەرزیی رێژەی سوود، وا دەكات هاووڵاتیان بتوانن لەڕێگەی وەرگرتنی قەرزی بانكەوە، وەبەرهێنان بكەن، ئەمەش هەلی كار زیاتر دەكات و لیرەی توركی بەشێوەیەكی خێراتر لە بازاڕدا دەسوڕێنێتەوە، چونكە مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتن زیاد دەكات. ئەردۆغان پاڵپشتی ئەم جۆرە سیاسەتە دەكات، بەڵام ئەوەی كە كێشەیە لێرەدا، لەبەر بەرزیی رێژەی هەڵاوسان پەیڕەوكردنی ئەم جۆرە لە سیاسەتی نەختی، دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دراوی بیانی كە لە كۆتاییدا بەهاكەی بەرز دەكاتەوە لەسەر حیسابی دابەزینی بەهای لیرە.

بەڵام بەرزكردنەوەی رێژەی سوودی بانكی دەبێتە هۆكاری زۆربوونی خواستی هاووڵاتیان لەسەر دراوی ناوخۆیی، ئەمەش بەهای لیرە لە بەرامبەر دۆلار بەرز دەكاتەوە، بەڵام ئەمەش زیان بە وەبەرهێنان و بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت و رێژەی بێكاریش بەرز دەكاتەوە.

ئێستا توركیا لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیدایە كە كاریگەری دەبێت لەسەر شێوەی ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە، سیستمی نوێی ئەو وڵاتەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر شێوەی نوێی سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی توركیا، ئەمەش ترسی لەلای بەشێكی زۆر لە وەبەرهێنەران و وڵاتان دروست كردووە، بەتایبەتیش كە ئێستا توركیا كۆمەڵێك كێشەی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەڵمانیادا هەیە. هەموو ئەم فاكتەرانەش كاریگەرییان هەیە لەسەر دابەزینی بەهای لیرە لە بازاڕەكانی جیهاندا.