سۆران عومەر: بانکی بازرگانیی عێراق ناچێتە نێو پرۆژەی 'هەژماری من'ـەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک وەڵامی بانکێکی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و دەڵێت رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکەیان بۆ بەجێکردنی مووچە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من"، دراوە، پەرلەمانتارێک دەڵێت: "بانکی بازرگانیی عێراق ناچێتە نێو پرۆژەی هەژماری منەوە."
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامی نووسراوی مانگێک لەمەوبەری بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)ـی داوەتەوە و دەڵێت: "رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەتان بۆ بەشداریکردن لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من دراوە و داواتان لێدەکەین بێن بۆ کۆبوونەوە بەمەبەستی گرتنەبەری هەنگاوەکانی پێویست بۆ خێراکردنی بەجێکردن."
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی 28ـی نیسانی ئەم ساڵ ئاراستەی بانکەکە کراوە، لە وەڵامی نووسراوێکی بانکەکەیە، کە رۆژی 27ـی ئاداری 2024 بۆ وەزارەتەکەی ناردووە.
ئەو بانکەی حکومەتی عێراق، لە نووسراوەکەیدا دەڵێت: "بە ئاماژە بۆ بڕیاری دادگەی فیدراڵی تایبەت بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لە سۆنگەی فراوانکردنی پڕۆژەی بەجێکردنی مووچەکان و پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت."
"هاوپێچ رێککەوتنی بەجێکردنی مووچەتان بۆ دەنێرین بۆ تەماشاکردنی و پێڕاگەیاندنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی ئارەزووی بەجێکردنی مووچەکانیان لەلای بانکەکەمان هەیە بۆ دەنێرین، بۆ ئەوەی بتوانین رێکارەکانی بەجێکردنی مووچەیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی بۆ بکەین."
سۆران عومەر، ئەندامی لێژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت نووسراوەکەی ئەو بانکە پێش نووسراوێکی وەزیری دارایی عێراق نێردراوە کە تێیدا جەختی لەسەر بەجێکردنی مووچە لە سێ بانکی عێراقی: "رەشید، رافیدەین، TBI" کردووەتەوە.
سۆران عومەر دەڵێت: "ئەو بانکە ناچێتە نێو پڕۆژەی هەژماری منەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەجێکردن لە رێگەی هەژماری منەوە و بانکەکانی ئەو پرۆژەیە بێت، حکومەتی عێراقیش دەیەوێت لە رێگەی ئەو سێ بانکە و لقەکانییەوە بێت."
رۆژی 7ـی نیسانی 2024، وەزیری دارایی بە نووسراوێک داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد زانیاریی پێبدرێت بۆ ئەوەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە یەکێک لەو سێ بانکە دەستپێبکرێت.
وەزارەتە بۆ ئەو بڕیارەی پشتی بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بەستبوو کە رۆژی 21ـی شوباتی ئەم ساڵ دەرچووە و داوای بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
بۆ دابەشکردنی مووچە، لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ناکۆکی هەیە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچە لەرێگەی پڕۆژەی'هەژماری من'ـەوە بدرێت، بەغداش لەرێگەی سێ بانکی حکومەت.