رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دابەزینی پشکەکانی بازاڕە داراییەکان لە وۆڵ ستریت لە ئەنجامی نیگەرانییەکان لە سێکتەری بانکیی ئەمریکا، لاوازیی ئامارە ئابوورییەکانی چین و نیگەرانییەکان لە زیادکردنی سوودی بانکی، نرخی نەوت نزیکەی 4 دۆلار دابەزی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2-5-2023، نرخی نەوتی برێنت سێ دۆلار و 38 سەنت یان 4.26٪ دابەزی و ئێستا هەر بەرمیلێك بە 75 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ نرخی بەرمیلیك نەوتی سووکی تێکساسیش سێ دۆلار و 65 سەنت یان 4.83.٪ دابەزی و ئێستا هەر بەرمیلێك بە 72 دۆلار و شەش سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمە نزمترین نرخی نەوتە لە 24ـی ئاداری رابردووەوە.
جانێت یێلێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە لە 1ـی مانگی داهاتوودا ئەمریکا تووشی بێ بودجەیی ببێتەوە، ئەگەر سنووری قەرزەکان لەو وڵاتە زیادنەکرێت، ئەوەش بەهای پێنوێنە سەرەکییەکانی لە بازاڕی دارایی وۆڵ ستریت دابەزاند.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لیژنەی بازاڕی ئازادیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆبوونەوەی دوو رۆژەی خۆی دەستپێکرد و بڕیارە سبەی کاژێر 21:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکییەوە رابگەیێنێت و وەبەرهێنەران نیگەرانن لەوەی رەنگە بانکەکە سوودی بانکی 0.25٪ زیادبکات.
هەروەها لاوازیی ئامارە ئابوورییەکانی چینیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی نەوت داناوە؛ لە نیسانی ئەمساڵ و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، چالاکیی بەرهەمهێنان لەو وڵاتە بۆ یەکەمجار لەدوای کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دابەزی.
ئیریس پانگ، ئابووریناسی باڵا لە کۆمپانیای INGـی چینی بۆ خزمەتگوزاریی دارایی دەڵێت، "زۆرینەی پێوەرەکان نیشانی دەدەن کە رەنگە ئەو دۆخە نائاساییە بۆ ماوەیەکی کورتخایەن نەبێت".
هاوکات تاماس ڤارگا، شارەزای بازاڕەکان لە کۆمپانیای PVM بۆ بازرگانیی نەوت دەڵێت، "رێوشوێنی پێشبینینەکراوی بانکە ناوەندییەکان لە دابەزاندنی نرخی بەرزی بەرهەمهێنەر و بەکاربردن، ناڕوونییەکی زۆری دروستکردووە لەبارەی ئاسۆکانی بەرەوپێشچوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ